رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکییەکان لەبارەی سەروەری و شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بوونەتە هۆی سستبوونی رەوتی رێککەوتنی نێوان ئێران و عومان، ئەوە سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان قۆناخێکی باشیان بڕیوە. تاران رایدەگەیێنێت، داڕشتنی رێوشوێنە نوێیەکانی کەشتیوانی لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەڵام جەخت دەکاتەوە، ئەمە بە واتای کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەکە یان گەڕانەوە بۆ قۆناخی پێش جەنگ نایەت.
سیستمی نوێی کەشتیوانی
ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئێرنا)، پێشنیازێکی ئێرانی بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە، تاران و مەسقەت خەریکی داڕشتنی شێوازێکی ئەمنیی جیاوازن.
بەپێی ئەم شێوازە، کەشتییە بازرگانییەکان لە رێگەی رێڕۆ ئاوییە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەچنە نێو کەنداو و لە رێگەی رێڕۆ ئاوییەکانی عومانەوە دەچنە دەرەوە. ئەمەش جێگەی ئەو سیستمە دەگرێتەوە کە نزیکەی 60 ساڵە کاری پێدەکرێ.
پرسی باج و رسوومات
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی نێوان هەردوو وڵات و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، پرسی وەرگرتنی رسووماتە لە کەشتییەکان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران داوای 5٪ تاوەکو 7٪ی نرخی بارەکان وەک باج دەکات، بەڵام عومان پێشنیازی 3٪ی کردووە. لە بەرامبەردا واشنتن بە تەواوی دژی هەر جۆرە رسووماتێکە و جەخت لەسەر ئازادیی کەشتیوانی دەکاتەوە.
کازم غەریبئابادی، بەرپرسی تیمی تەکنیکیی دانوستاندنکارانی ئێران دەڵێ، تاران و مەسقەت زیاتر لە سێ هەفتەیە تاوتوێی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستمی تەنگەکەدا دەکەن.
ئەو بەرپرسەی ئێران گوتی: "ئێران و عومان ناوەندێکی هاوبەشی هاوئاهەنگی دروست دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری لەو کەشتییانەی دەچنە نێو کەنداو یان لێی دەچنە دەرەوە."
مەرجەکانی ئێران
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، کردنەوەی رێڕۆکە تەنیا بە رێککەوتن لەگەڵ عومان تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت ئەمریکاش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. غەریبئابادی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت واشنتن کردە سەربازییەکان رابگرێ، گەمارۆی سەر بەندەرەکان هەڵبگرێ و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران، ئەوا تاران ژێرخانە وزەییەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج.
.jpg&w=3840&q=75)


