رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، زۆربەی هۆزەکانی پارێزگاکانی عێراق ئامادەیی خۆیان دەربڕێوە، بۆ داکۆکی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە چەک بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە.
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باسی لە ئامادەیی خەڵکی عێراق کرد بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەمریکادا و رایگەیاند: ''لە زۆرێک لە پارێزگاکان، هۆزەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بە چەک داکۆکیمان لێ بکەن.''
بەگوتەی محەممەد کازم ئال سادق، خەڵکی پارێزگاکانی عێراق پێیانوایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ''سەرفراز''ـی کردوون، بۆیە ئامادەی هەر بەرگرییەکن لە تاران، ''ئێمەش پێمان گوتوون ئێستا جەنگەکە ئاسمانییە، ئەگەر زەوینی بووایە بێگومان ئێوە پێشتر ئامادە دەبوون و بەشداریی جەنگەکەتان دەکرد."
28ـی شوباتی 2026 جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەی دوای 40 رۆژ، ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوانیان راگەیێندرا، ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە ئێران.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.



.jpg&w=3840&q=75)