رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، مەرجی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەوەیە کە دەبێت واشنتن پێشوەختە سزاکان هەڵبگرێ و واز لە هەڕەشە و گوشارەکانیش بهێنێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە تاران لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند: "ناکرێ رۆژ دوای رۆژ گوشار و سزاکان تووندتر بکرێن و رێگەکان لەبەردەم وڵاتەکەمان دابخرێن، کەچی لە هەمان کاتدا باسی گفتوگۆ و دانوستاندنیش بکەن."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن کرد و گوتی: "ئێمە بۆ گفتوگۆ ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەین، بەڵام پێویستە ئەمریکییەکان سەرەتا هەڕەشە و سزاکان هەڵبگرن، ئینجا گفتوگۆ دەکەین. ئەگەر بە راستی بەدوای گفتوگۆ و رێککەوتنەوەن، ئەو هەڵسوکەوتانەی ئێستایان بە تەواوی لەگەڵ بانگەشەکانیان دژبەیەکە و دوورە لە لۆژیک."
پزیشکیان گوتیشی: "گەلی ئێمە ئەمڕۆ متمانەی بە ئەمریکا نییە و پێی وایە ئەگەر دانوستاندنیش بکەین، جارێکی دیکە هێرشمان دەکەنەوە سەر. ئەوان بەردەوام لە میدیاکاندا بانگەشەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بترسێنن، بەڵام گەلەکەمان لە شەهیدبوون ناترسێت. ئێمە نامانەوێ زۆرداری بەرامبەر کەس بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا ژێردەستەیی و زۆرداری لە کەس قبووڵ ناکەین."
مەسعود پزیشکیان هۆشداریشی دا لەوەی ئەمریکا بە شەڕ ناگاتە ئامانجەکانی و گوتی: "بە دڵنیاییەوە بە شەڕ ناگەنە ئامانجەکانیان و تەنیا وێرانکاری و زیان بۆ ئێران و تەواوی ناوچەکە بەجێدەهێڵن. ئەمەش بابەتێکە کە ئێمە بە هیچ جۆرێک نامانەوێت رووبدات."
پزیشکیان هەروەها ئەمریکای بە هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناوبرد و گوتی: "هەموو ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا دروستبوون، لە زیادبوونی گرژی و پێکدادانەکانەوە تاوەکو دروستکردنی ئاستەنگ لە تەنگەی هورمز، هەموویان لە رووی شەڕخوازیی ئەمریکییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە."
عاسم مونیر هەر ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش کۆبووەوە.

