رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، تەنانەت یەک گەردیش لە مادە ئەتۆمییە پیتێنراوەکەیان نابرێتە دەرەوەی وڵات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو واشنتن مەرجەکانی تاران جێبەجێ نەکات، هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکادا ناکرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تاران پێشوازیی لە عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کرد و گوتی، سەرجەم مادە ئەتۆمییە پیتێنراوەکە لە نێو ئێراندا دەمێنێتەوە.
رەزایی گوتی: "تەنانەت یەک گەرد لە مادە ئەتۆمییە پیتێنراوەکە لە ئێران نابرێتە دەرەوە. ئەم مادەیە سەرمایەیەکی گەورە و سامانی نیشتمانیی ئێرانییەکانە بۆ ئەوەی لە نێوخۆی وڵات سوودیان لێ وەربگیرێ."
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، رەزایی گوتی: "تەواوی گەل و بەرپرسانی ئێران یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە تاوەکو متمانە لەلایەن ئەمریکاوە دروست نەکرێ، هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نابێت. دەستپێکی دروستکردنی ئەو متمانەیەش جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێرانە."
هەر ئەمڕۆ، سوپاسالاری پاکستان لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش کۆبووەوە. قالیباف لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پەیامێکی نوێی بۆ ئەمریکا نییە و واشنتن ناتوانێت متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، ئەگەر ئەو حەوت مەرجەی بۆی دیاریکراوە جێبەجێیان نەکات.
پاکستان ۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکادا دەگێڕێت و ئەمە پێنجەمین سەردانی فەرمیی سوپاسالاری ئەو وڵاتەیە بۆ تاران لە چەند مانگی رابردوودا.

