رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، جیا لە عومان و وڵاتەکەی، دەستوەردانی وڵاتی سێیەم لە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات؛ هۆشداریش دەداتە بەریتانیا، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن ئەوانەوە ''قبووڵنەکراو''ـە.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 31-07-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئێد میلیبەند، هاوتا بەریتانیاییەکەی، رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتەکە گرت سەبارەت بە تاران و رایگەیاند، پێویستە بەریتانیا بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بچێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی رەخنەی تووندی لە بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا گرتووە کە سوپای پاسداران دەخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە و بڕیارێکەی بە ''نەشیاو''ـی وەسف کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئێران بەریتانیای بە ''هاودەستی'' و هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە و دەڵێت: ''پێویستە بەریتانیا پێداچوونەوە بەو پرسەدا بکات.''
''هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هۆکاری دۆخی ئێستای ناوچەکەن''
عەباس عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هۆکاری دۆخی ئێستای ناوچەکە دەزانێت و رایگەیاندووە: "تاران بە نیازپاکی چووە نێو پرۆسەی دیپلۆماسییەوە و لە 28ـی حوزەیران گەیشتە لێکگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام جارێکی دیکە ئەمریکا بە شکاندنی بەڵێنەکانی رێگری لە جێبەجێکردنی کرد."
لە بەشێکی قسەکانیاندا، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئێران باسیان لە دۆخی تەنگەی هورمز کرد. عەباس عێراقچی ئەوەشی خستەڕوو، رژدن لەسەر رێکخستنی میکانیزمی کارپێکردن بە هاوکاریی عومان، بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە رێڕەوە ئاوییەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز هۆشداریش دەدات، ''هەر دەستوەردانێکی لایەنی سێیەم لە پرۆسەکەدا، تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە''.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، عەباس عێراقچی لە بەشێکی قسەکانیدا هۆشداری داوەتە بەریتانیا کە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن ئەوانەوە ''قبووڵنەکراو''ـە.
جارێکی دیکە وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەپێدانی بەریتانیا بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بەشێک لە خاکەکەیان بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران، ''کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانەیە و رێگە بەو وڵاتەی هێرشی کراوەتە سەر دەدات، پەنا بۆ بەرگریی رەوا ببات''.
قسەکانی عەباس عیراقچی لەکاتێکدان کە ئەمریکا و بەریتانیا خەریکی ئامادەکارین بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی، بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز یەکێک لە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا و پێش دەستپێکردنی جەنگ، رۆژانە 20٪ـی کۆی گشتیی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
واشنتن دەیەوێت لەرێگەی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی تەنگەکە دابەش بکات تاوەکو رێگە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان و کۆتاییهێنان بەو قەیرانە داراییە بڕەخسێنێت کە رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری جیهان دەگەیێنێت.


.jpg&w=3840&q=75)
