رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە بارودۆخێکدا نییە کە بیەوێت شەڕ و پێکدادانێکی نوێ دەست پێبکات، بەڵام ئەوان ئەگەرەکان پشتگوێ ناخەن و ئامادەیی تەواویان بۆ وەڵامدانەوە هەیە، وەڵامەکەشیان ئەمجارە "زۆر تووندتر" دەبێت.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا گوتى، ئەمریکا تەکنیکی و سەربازیی بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ نییە، "بەڵام رەنگە بیەوێت (بۆ خۆی) دەستکەوتسازی بکات."
موحیبی دەڵێت، ئەمریکا لە رابردوودا بە تەواوی توانای خۆیەوە هاتە ناو شەڕەکەوە و ئێستا لەو دۆخەدا نییە کە بیەوێت شەڕێکی نوێ دەست پێبکات کە دەستکەوتێکی نوێی بۆ بهێنێتەکایەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران، زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناچالاک کراون و هێزەکانی ئەمریکاش جیا لە ماندوێتییان، سەدان کیلۆمەتر لە ئێران دوور کەوتوونەتەوە و لە بنکە نزیکەکانەوە بۆ بنکە دوورەدەستەکان گوازراونەتەوە.
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران روونیکردەوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاش زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە کەنداو دوور کەوتوونەتەوە و بە گوتەی ئەو، ئێستا هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە کەنداو نەماوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، حوسێن موحیبی ئەگەری هێرشی سەربازیی رەت نەکردەوە و گوتى: "ئەمریکا لە رووی تەکنیکی و سەربازییەوە توانای ئۆپەراسیۆنی نوێی نییە، بەڵام ئەم ئەگەرە هەیە کە بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە بیەوێت دەستکەوتسازی بکات."
گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە: "ئێمە ئەم ئەگەرانە پشتگوێ ناخەین و بۆ هەر کارێک ئامادەیی وەڵامدانەوەمان هەیە، و ئەمجارە وەڵامەکەمان زۆر تووندتر دەبێت." هۆشدارییشی دا و گوتى: "هەر کارێکی نوێی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی جیدیی وزە دەکاتەوە."
سەبارەت بە توانای کەرەستە و کەلوپەلە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، حوسێن موحیبی رایگەیاند: "توانای ئێمە لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بێگومان زۆر زیاتر بووە و بەراورد بە رابردوو لانیکەم یەک و نیو هێندە زیادی کردووە؛ بەرهەمهێنانی موشەک، درۆن و کەرەستەکانی دیکەی پێویستمان هیچ کاتێک رانەگیراون و تەنانەت گەشەشمان پێداون، چ لە بواری زیادکردنی مەودا، وردی لە پێکانی ئامانج، توانای وێرانکاری و تەنانەت بەرهەمهێنانی چەکی نوێشدا."
گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە و گوتى، "ئەگەر ناوچەکە بۆ ئێران نائارام بێت، هەرگیز بۆ ئەم وڵاتانەش ئارام نابێت."
بە گوتەی حوسێن موحیبی، "وڵاتانی ناوچەکە تێگەیشتوون کە بنکەکانی ئەمریکا هیچ یارمەتییەکی ئاسایشی ئەوانی نەداوە و تەنانەت ئاسایشیانی خستووەتە مەترسییەوە؛ ئەوان سەرەنجام ئەم ڕاستییە قبوڵ دەکەن."
هۆشدارییەکانی سوپای پاسداران بۆ ئەگەری دەستپێکردنی جەنگ لە کاتێکدان، کە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی تەنگەی هورمز و دۆسیەی ئەتۆمی گەیشتوونەتە بنبەست. هەروەها بڕیارە، ئەمڕۆ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان سەردانی تاران بکات و سەبارەت بە زیندووکردنەوەی دانوستاندنەکان، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە.


