رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەی پارێزگای ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوو، لە زیندانی ناوەندیی پارێزگاکە جێبەجێکراوە.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 30-07-2026، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکە پشتڕاستی کردەوە، سزای لەسێدارەدانی فەرزاد سوبحانی، بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە زیندانی ناوەندیی پارێزگاکە (زیندانی دەریا) جێبەجێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، رۆژی دووشەممەی رابردوو فەرزاد سوبحانی گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بەرەبەیانی چوارشەممەش لە سێدارە دراوە.
فەرزاد سوبحانی، تەمەن 21 ساڵ و خەڵکی گوندی گردەقیتی سەر بە شاری نەغەدە بوو کە سێ ساڵ لەمەوپێش، بە تۆمەتی ''کوشتنی بە ئەنقەست'' دەستبەسەر کرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی دادی ورمێ، لەسێدارەدانی فەرزاد سوبحانی رانەگەیاندووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بەندکراوەکە، هەواڵەکەیان بۆ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاست کردووەتەوە.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نەرویج و رێکخراوی دژەسێدارەی (ئی سی پی ئێم) لە پاریس، لە ساڵی 2025دا لانیکەم 1639کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش زۆرترینە لە ساڵی 1989ـەوە تۆمارکرابێت.



