رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە بەرامبەر هەر هەڵەیەک، باوکی مووشەکە ئێرانییەکان بۆ تەقاندن ئامادەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرتاسەری میدیا فەرمییەکانی ئێران لێدوانێکی تووندی محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا روو لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەگەر بە 'دایکی بۆمبەکان' هەڕەشە دەکەن، با بزانن کە بۆمبە 14 تۆنییەکەتان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، شکستی هێناوە و تەکنەلۆژیاکەشی شیکاریی بۆ کراوە."
نەقدی هۆشداریی دا کە ئەگەر ئەمریکا بچووکترین هەڵە بکات، رووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە و گوتی: "ئێمە باوکی مووشەکەکانی خۆمان ئامادە کردووە و هیچ دەرچەیەک بۆ دووژمنان نامێنێتەوە."
ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هاتن کە رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (نیوزماکس) رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بیری لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە بۆمبە زەبەلاحەکەی ئەمریکا، کە ناسراوە بە "دایکی بۆمبەکان" (GBU-43/B MOAB) لەو جەنگەدا بەکاربهێنێت.
ترەمپ بۆمبەکەی بە "بۆمبێکی یەکجار زەبەلاح" و هاوشێوەی چەکی ئەتۆمیی بچووک وەسفکرد، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستیان بە چەکی ئەتۆمی نییە و چاوەڕوان ناکات هێزی زەوینیی ئەمریکا رەوانەی نێو خاکی ئێران بکات.



