رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری تاران رایگەیاند، حەوت هەزار قوتابی بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و هەژارییەوە شاری تارانیان جێهێشتووە.
محەممەد سادق موعتەمەدیان، پارێزگاری تاران، رۆژی شەممە لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەندین پڕۆژە پەروەردەییدا لە ئیسلامشەهر کە بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، گوتی: "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 817 هەزار قوتابی لە پارێزگای تاران دەخوێنن. ژمارەی قوتابییانی ناو شاری تاران حەوت هەزار کەس کەم بووەتەوە، لە هەمان کاتدا لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی پارێزگاکەدا ژمارەی قوتابیان 17 هەزار کەس زیادی کردووە."
پارێزگاری تاران، هۆکارەکەی بۆ خراپیی دۆخی ئابووری، کۆچی بەشێک لە دانیشتووانی تاران بۆ شار و شارۆچکەکانی دەورووبەری تاران و هەروەها گەڕانەوەی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی ئەفغانستانی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە.
محەممەدسادق موعتەمیدیان ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێستا لە پارێزگای تاران 60 هەزار پۆلی خوێندن هەیە و پێویستیی سەرەکیی پارێزگاکە بریتییە لە 638 قوتابخانە و 9 هەزار پۆلی خوێندن.
بە گوتەی موعتەمیدیان، هێشتا بەڵێنی شارەوانیی تاران بۆ دروستکردنی 80 قوتابخانەی دیکە جێبەجێ نەکراوە.
بەردەوامیی جەنگ و ئالۆزی لەگەڵ ئەمریکا، فڕاوانتربوونی سزا ئابووری و داراییەکان، سەپاندنی گەماڕۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران، پاشەکشەی بەردەوامی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان، هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، دۆخی ئابووریی ئێرانی خراپتر کردووە و ئەوەش گوشارو بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر خێزانەکان.


