رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رێگەوبان و شارسازیی ئێران دەڵێت، پەرەپێدانی رێڕەوە ترانزێتییەکان یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان، وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست و ناوچەی قەوقاز؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە رێڕەوی سێقۆڵیی نێوان ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان دەبێتە دەروازەی گەیشتن بە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی بەندەری چابەهارەوە.
فەرزانە سادق، وەزیری رێگەوبان و شارسازیی ئێران لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە "رێڕەوی ترانس-ئەفغانستان" کە لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەفغانستان و سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئاسیای نێوەڕاست کە لە وشکانیدا گەمارۆدراون و سنووری ئاوییان نییە، بەدوای رێگەی باشووردا دەگەڕێن تاوەکو دەستیان بگاتە ئاوە ئازاد و نێودەوڵەتییەکان.
سادق جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هەرێمی کردەوە و رایگەیاند، رێڕەوی سێقۆڵیی نێوان ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان، وێڕای دابینکردنی رێگەی گەیشتن بە ئاوە کراوەکان لە رێگەی بەندەری چابەهارەوە، هاوکات دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی چین و رۆژهەڵاتی ئاسیاش دابین دەکات.
دە ساڵ لەمەوبەر، ئێران، ئەفغانستان و هیندستان رێککەوتننامەیەکیان بۆ پەرەپێدانی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی بەندەری چابەهارەوە واژۆ کرد.
پاش ئەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە لە نیسانی 2026 و دوای شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد دەستیپێکرد، جووڵەی کەشتییەکان و گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی بەندەرەکانی ئێران سنووردار کرا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی بازرگانی، قووڵبوونەوەی گوشار و قەیرانی ئابووری لە نێوخۆی ئێران، لەدەستچوونی بەشێکی زۆری داهاتە نەوتییەکان و سەرهەڵدانی زنجیرەیەک لێکەوتە و زیانی دارایی قورس بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتە.
ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی ئابووریی خۆیدا، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گوشارانە، سەرنجی سەرەکیی خستووەتە سەر زیادکردنی هەناردەی نانەوتی (لەوانەش بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کەرەستەی بیناسازی، پۆڵا و پترۆکیمیاوی) و هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا لە رێڕەوە زەمینییەکانیەوە بۆ بازاڕەکانی عێراق، ئەفغانستان، تورکیا و پاکستان.
تەنانەت لە هەمان چوارچێوەی فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکاندا، لە نیسانی 2026 ئێران و پاکستان بە فەرمی رێڕەوێکی ترانزێتی و وشکانیی هاوبەشیان، بە ئامانجی خێراکردنی جووڵەی گواستنەوەی کاڵا لە نێوان هەردوو وڵات و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی ناوچەکە کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە، 17-10-2026 پاکستان راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران، لە دەروازەکانی "گەبد-ریمدان" و "تەفتان"، راگەیاند و ئیسلامئاباد هۆکارەکەی بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان لە دوو رێگەی گرنگی بازرگانی دەگەڕێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، شاهید ریند، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی بەلووچستان بۆ کاروباری سیاسی و میدیا رایگەیاند، سنووردارکردنە کاتییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و رێگریکردنە لە بازرگانیی نایاسایی لەسەر سنوور.
ریند لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئامانج لە داخستنی کاتیی سنووری نێوان پاکستان و ئێران، چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و کاراترکردنی سیستمی سنوورییە."
ریند ئەو رێکارانەی بە "پێویست بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و رێکخستنی کاروباری کارگێڕی لە هەردوو دیوی سنوور" ناو برد و ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئیسلامئاباد و تاران لە هاوئاهەنگیدان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە کارگێڕییە هەڵپەسێردراوەکان.
ریند لە کۆتاییدا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنەکانی ئێستا، پێدەچێت سنووری نێوان پاکستان و ئێران بەم نزیکانە بکرێتەوە".
هاوکات دوێنێ، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە داخستنی سنووری وشکانی لەگەڵ پاکستان رایگەیاند: "بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی و پێویستیی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی، هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی سنووری بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات لە پەیوەندیی نزیکدان و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە نزیکترین کاتدا لە گفتوگۆ و راوێژدان، تاوەکو کارکردن لە دەروازە سنوورییەکان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی."
ئێستا حکومەتی ئێران، بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی سزاکان و هاتنە دەرەوە لە گۆشەگیریی ئابووری، دەیەوێت بە پەرەپێدانی هێڵە شەمەندەفەرەکان (وەک خاف-هەرات، هێڵی ئاسنینی زاهیدان-میلک و بەستنەوەی بە بەندەرە ستراتیژییەکانی وەک چابەهار)، زەمینەی ئەوە بڕەخسێنێت کە کازاخستان و ئەفغانستان لە رێگەی خاکی ئێرانەوە بە بازاڕە جیهانییەکان و کەنداو ببەستێتەوە و داهاتێکی جێگیری دراوی بیانی بەبێ پشتبەستن بە نەوت دابین بکات.


