رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا بۆسەر وڵاتەکەی، بنکەی سەربازیی (عەلی سالم)ـیان لە کوێت کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ''دوو شوێنی درۆن و فڕۆکە جەنگییەکان و کۆگەیەکی سووتەمەنی خاپوور کراون.''
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''بە هێز و ئازایەتییەوە، بەردەوامین لە شەڕکردن لەگەڵ دووژمنی دەستدرێژیکار.''
لە راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران ئاماژەی بە هێرشێکی بەیانیی ئەمڕۆی کردووە بۆسەر بنکەی سەربازیی (عەلی سالم)ـی ئەمریکا لە کوێت کە ''لە ئەنجامدا دوو شوێنی درۆن و فڕۆکە جەنگییەکان و کۆگەیەکی سووتەمەنی گڕیان تێبەردرا و خاپوور کران.''
سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکیشی ئاراستەی خەڵکی کوێت کردووە کە تێیدا هاتووە: ''با گەلی موسڵمانی کوێت بزانن، سزادانی دەستدرێژیکار تاوەکو کۆتاییهێنان بە تاڵانکردنی سامان و سەرچاوە نیشتمانییەکانی موسڵمانان و دەرکردنی داگیرکەر و تاڵانچییە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: "هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ کاژێر 8ی شەو بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [کاژێر 3:00 بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر] هێرشەکانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد."
سێنتکۆم دەڵێ: "ئەم هێرشانە، وەڵامێکی بەهێز بوون بۆ هەوڵەکانی دوێنێی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون."



