رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە دوورگەی قیشم، سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمموزی 2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوورگەی قیشم سەر بە پارێزگای هورمزگان، لانیکەم دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەکە بیستراوە.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، کاژێر 4:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوورگەی قیشم بە مووشەک لە لایەن سوپای ئەمریکاوە کرایە ئامانج.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هورمزگان، چەند مووشەکێک بەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە گەرەکی چاه تەنگو لە دوورگەکە کەوتوون.
زانکۆی پزیشکیی پارێزگای هورمزگانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە دوورگەی قیشم، سێ کەس کوژراون و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، قوربانییەکان لە یەک خێزانن. دایک و باوک و منداڵێکی دوو ساڵان گیانیان لەدەستداوە و دوو منداڵی تەمەن 7 و 9 ساڵان بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل سالفی، بەڕێوەبەری کارەباری دوورگەی قیشم رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئەمریکا کارەبای دوورگەکە بۆ ماوەیەک پچڕا، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانیان کێشەکە چارەسەر کراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ کاژێر 8ی شەو بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [کاژێر 3:00 بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر] هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد."
سێنتکۆم دەڵێت: "ئەم هێرشانە، وەڵامێکی بەهێزە بۆ هەوڵەکانی دوێنێی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون."



