رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هەژماری فەرمیی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام داخراوە.
سوپای پاسدارانی ئێران، شەوی چوارشەممە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییانی وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش ئوردن و کوێت، لە رێگەی ئەو هەژمارە تەلەگرامەوە زانیاریی وردیان لەسەر جموجۆڵ و بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سوپای پاسداران ناردووە، هەژمارەکە داخراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی خەڵکی بەشەرەف و دڵسۆزی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت خوشک و برایانی ئازیزمان لە ئوردن و کوێت، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و غیرەتی ئیسلامی، زانیاریی بەنرخ و وردیان لەسەر جموجۆڵ و بنکەکانی ئەمریکا بۆ هەژماری دەستنیشانکراوی سوپای پاسداران لە تەلەگرام نارد، دووژمنانی خۆبەزلزان نەیانتوانی بەرگەی ئەم دۆخە و ئەم پەیوەندییەی نێوان گەلان بگرن؛ ئەوانەی هەمیشە لە روونی و هۆشیاریی نەتەوەکان دەترسن، بە داخستنی هەژماری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، جارێکی دیکە نیشانیاندا کە لە داتای ورد و بەنرخی ئوممەتی ئازیزی موسڵمان و هاوئاهەنگیی نێوان گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکە، تووشی ترس بوونەتەوە و تۆقیون."
سوپای پاسداران، داخستنی هەژمارەکەی لە تەلەگرام وەک کارێکی "نەشیاو و نامەردانە" و "نیشانەیەکی روون لە داڕمان و بێدەسەڵاتیی بەرەی ستەمکار" ناوبردووە و سەرکۆنەی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران دەڵێت، "داخستنی هەژمارێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی هەرگیز ناتوانێت دەنگی حەق و ئیرادەی پۆڵایینی گەلانی ناوچەکە کپ بکات." ئاماژە بەوەش دەکات، "بەم زووانە دەروازەیەکی نوێ و جێگەی متمانە رادەگەیەنن، تاوەکو گۆڕینەوەی زانیاری و هۆشیارکردنەوە، بەهێزتر لە رابردوو بەردەوام بێت."
لە کاتی قۆناخی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە لە 12ی تەمموزی 2026ـەوە دەستپێکرد و تاوەکو 23ی تەمموز بەردەوام بوو، سوپای پاسداران لە چەند راگەیێندراوێکدا داوای لە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت خەڵکی ئوردن و کوێت کرد، لەبارەی شوێنی بنکە سەربازییەکان و جێگربوونی سەربازانی ئەمریکا هاوکاریی سوپای پاسداران بکەن و زانیاریان بۆ بنێرن.



