رووداو دیجیتاڵ جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریی دەداتە وەزیرەکان و بەرپرسانی جێبەجێکار و دەڵێت، "هەر کەسێک ناکۆکییەکان بباتە نێو رای گشتی، تاوەکو لادانی لە پۆستەکەی سڵ ناکەنەوە." رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026 محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وزەی وڵاتەکەیدا، جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی لەنێو بەرپرسانی حکومەتدا کردەوە و گوتی، "ئەگەر لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا ناکۆکی لەسەر بابەتێک دروستبوو، دەبێت لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت و بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار بخرێتەڕوو تاوەکو رێگەچارەی پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە." عارف هۆشداری دایە دامەزراوەکانی حکومەت و گوتی، "هیچ دامەزراوەیەکی حکومی مافی ئەوەی نییە دژی دامەزراوەیەکی دیکە هەنگاو بنێت، یان لە دەرەوەی میکانیزمەکانی حکومەت، بڕیارێک بدات کە پێچەوانەی بۆچوونی دامەزراوەکانی دیکە بێت." جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دایە وەزیرەکانیش و گوتی، "ئەگەر وەزیرێک یان دامەزراوەیەک سەربەخۆ هەنگاو بنێت یان ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حکومەت بباتە نێو میدیا و رای گشتی و ببێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدا، یان هەنگاوێک دژی بڕیارەکانی حکومەت و بەرژەوەندیی نیشتمانی بنێت، حکومەت بێ هیچ دوودڵییەک رووبەڕووی دەبێتەوە و تاوەکو لادانی بەرزترین بەرپرسی ئەو دامەزراوەیەش دەڕوات." ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی ئێران، بەتایبەتی پاش دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە میدیاکانی ئەو وڵاتەش رەنگی داوەتەوە. بەجۆرێک تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دانوستاندنەکاندا، قسەکانی محەممەدباقر قالیبافی سەبارەت بە ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها گوتاری مەسعود پزیشکییانی لە رۆژی پیشەسازی و کانزاکاندا سانسۆر کردبوو، کە ئەمەش کاردانەوەی لایەنگرانی دانوستاندنەکانی لێکەوتەوە.
ئێران29-07-2026ئێران بۆ ئەورووپا: هەر کەشتییەکی جەنگیتان لە تەنگەی هورمز نزیک ببێتەوە، دەبێتە ئامانجێکی رەوای ئێمە