رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەت پلانی بۆ سەرجەم سیناریۆکان داناوە، لەوانەش دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ. راشیگەیاند، خۆمان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە کردووە.
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگا حکومییەکانی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی مەسعود پزیشکیان هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە رووبەڕووی بارودۆخی جەنگ بووەتەوە و گوتی: "حکومەت لە سەرەتاوە پلانی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە بارودۆخی جەنگدا داڕشتووە، بەڵام ستراتیژییەکەی ئەوە بوو کە ئارامیی ناوخۆ بپارێزێت و کەشوهەوای جەنگ بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ نەبێت."
عارف رایگەیاند، ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک، بە تەواوی ئامادەیە و گوتی: "ئێمە بۆ بارودۆخی جەنگ بە تەواوی ئامادەین و ئەگەر دوژمن بیەوێت جارێکی دیکە شەڕێک هەڵبگیرسێنێتەوە، بۆ هەمیشە دۆسیەکەی دادەخەین. لە بەرامبەردا، ئەگەر رێککەوتنێک بێتە ئاراوە، پلانەکانی وڵات لە بارودۆخی ئاساییدا پێڕەو دەکرێن."
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە هەندێک لە رەخنەکان سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "حکومەت پێشوازی لە رەخنەی دڵسوزانە دەکات، بەڵام تەنانەت هەندێک لە نەیارانی حکومەتیش ئەم لێکتێگەیشتنە بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ وڵات دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک لە میدیاکاندا وا پێشان دەدرێت کە دانوستاندکارانمان خائینن، کە پێویستە بە روونکردنەوەی زیاتری دەستکەوتەکان و رۆشنگری بۆ رای گشتی، ئەمە چارەسەر بکرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەدڕەزا عارف ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوژمن لە شەڕی دژ بە ئێراندا نەگەیشتووەتە هیچ کام لە ئامانجەکانی و دەڵێت: "سەبارەت بە دوو ساڵی داهاتوو گەشبینم و وڵات لە دوای شەڕی 12 رۆژە لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا ستراتیژییەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا ستراتیژییەکان، کەمکردنەوەی کێشە بژێوییەکانی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی گرانفرۆشی، لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حکومەت دەبن لە بەردەوامیی رێڕەوەکەیدا."
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکرد کە 40 رۆژ بەردەوام بوو و رۆژی 8ی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا.
دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان، لە 18ی حوزەیرانی 2026 یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کرا کە لە 14 مادە پێکدێت. بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی هەردوو لا، لێکتێگەیشتنەکە هەڕەسی هێنا و لە 12ی تەمموزەوە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد کە 13 رۆژ بەردەوام بوو.
لە بەرامبەردا، ئێرانیش بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی ئوردن، کوێت، بەحرێن و قەتەری کردە ئامانج.
لە 24ی تەمموزەوە ئەمریکا هێرشەکانی راگرتووە و رایگەیاندووە، لەسەر داوای نێوەندگیرەکان چانسێکی دیکە دەداتە دانوستاندنەکان.

.webp&w=3840&q=75)
