رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێ: "چەند درۆنێکمان تێکشکاند کە لە عێراقەوە ئاراستە کرابوون و ئامانج لە ئاراستەکردنیان بریتی بوو لە دامەزراوە نەوتییەکان".
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، رۆژی سێشەممە، 28ـی تەمووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کاژێرەکانی رابردوودا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانییان بەرپەرچی چەند درۆنێک بدەنەوە و تێکیانبشکێنن، کە ئامانج لە ئاراستەکردنیان دامەزراوە نەوتییەکان بوو لە ناوچەی شەرقییە.
لیوا تورکی مالیکی روونیکردەوە، ئەم هەوڵانە جارێکی دیکە لە خاکی عێراقەوە بوون و لە لایەن "میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە" جێبەجێ کران.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی و دەستکەوتەکانی بکات و مافی وەڵامدانەوەی لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ خۆی دەپارێزێ.
ناوچەی شەرقییە، گەورەترین رووبەری ناوچەی نەوتییە لە جیهاندا.
تورکی مالیکی، رۆژی 27ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند:"هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی چەند درۆنێکیان تێکشکاند کە ئامانج لە ئاراستەکردنیان بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت."
تورکی مالیکی گوتی، "ئەم هێرشە لە نێو خاکی عێراق و لە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە."
هەمان رۆژ مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە بە نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەناسرێن لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە، هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، لە خاکی عێراقەوە کرابن و رایگەیاند: "ئەم بانگەشەیەی سعودیە تەنیا دڵنیاییمان زیاتر دەکات کە دووژمنایەتیکردنی عێراق و گەلەکەی، سیفەتێکی دانەبڕاوە لەو رژێمە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو تۆمەتانەی سعودیە هەوڵێکن بۆ شاردنەوەی شکستی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر هێرشەکانی یەمەن و تەنیا هەوڵێکن بۆ پاساودانی بێدەسەڵاتییان لە بەرانبەر وەڵامدانەوەی ئەو لێدانە ئازەربەخشەی یەمەنییەکان کە قوڵایی ژێرخانی ئەو وڵاتەیان هەژاندووە."
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ریاز کرد و رایگەیاند: "هەر کردەوەیەکی گەمژانە لەلایەن ئەوانەوە، بە وەڵامێکی زۆر تووند بەرپەرچ دەدرێتەوە، کە وایان لێبکات پەنجەی پەشیمانی بگەزن."
.jpg&w=3840&q=75)


