رووداو دیجیتاڵ
براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، نوێترین هەڵسەنگاندنی سەربازی و ئابووریی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لە دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانە هەرێمییەکانیدایە نەوەک تاران، ئاشکرایشی کرد کە تەنیا لە هەفتەی رابردوودا نزیکەی 400 کەشتیی بازرگانی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون.
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەی سێنتکۆم لە ڤیدیۆپەیامیکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە 38 رۆژییەکەی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە ناوی (تووڕەیی داستانئاسا) بووە هۆی تێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران، وێرانکردنی کارگەکانی چەک و لاوازکردنی توانای سوپای پاسداران بۆ ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی و درۆن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە جێگیرن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان رێڕەوی تەنگەی هورمزیان لە مینە دەریاییەکان پاککردەوە و گەمارۆیەکی دەریایی پۆڵایینیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بە شێوەیەک کە جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان، تاران لە رێگەی دەریاوە بێبەشکراوە لە هەموو جۆرە هاوردە و هەناردەیەک".
وەشاندنی گورزی دارایی؛ رێگری لە هەناردەی 25 ملیار دۆلار نەوت
کوپەر روونیکردەوە کە واشنتن لە سێ بواری ستراتیژییدا گورزی کوشندەی لە سوپای پاسداران و ئێران وەشاندووە، ئەوانیش بریتین لە هەناردەی نەوت، پارەدارکردنی دیجیتاڵی و مووچەی هێزە ئەمنییەکان.
کوپەر دەڵێ، لەم چوارچێوەیەدا رێگری لە هەناردەکردنی بایی لانیکەم 25 ملیار دۆلار لە نەوتی خاوی ئێران کراوە، کە پێشتر بۆ "پارەدارکردنی میلیشیاکان و تۆڕە تاوانکارییەکان بەکاردەهێنرا؛ سێنتکۆم بە هاوکاریی دەزگا فیدراڵییەکانی ئەمریکا دەستی بەسەر نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار لە سەرمایەی دراوی کریپتۆدا گرتووە و سڕی کردووە، تاوەکو رێگری لە پڕکردنەوەی کۆگا و کارگە وێرانبووەکانی چەک بکرێ؛ حکومەتی ئێران مووچە و شایستە داراییەکانی کرێکارانی نەوت، پیشەسازی، بیناسازی و تەنانەت ئەندامانی سوپای پاسدارانی راگرتووە و تەنانەت "میلیشیا هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکەدا پێدانی مووچەی چەکدارەکانیان راگرتووە" بۆ ئەوەی پارە بۆ سوپای پاسداران بنێرنەوە.
ئاسایشی تەنگەی هورمز و پاراستنی هەناردەی نەوتی کەنداو
سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسداران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز چڕکردووەتەوە و بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی لە مانگی شوباتەوە زیاتر لە 20 دەریاوانی مەدەنی کوژراون، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێ، هاتووچۆی دەریاوانی بە تەواوی پارێزراوە و رانەوەستاوە.
بە گوتەی کوپەر، لە حەوت رۆژی رابردوودا نزیکەی 400 کەشتیی بازرگانی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون و هێزەکانی ئەمریکا پارێزگارییان لە گواستنەوەی زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی وڵاتانی کەنداو کردووە، بەوەش کۆی گشتیی ئەو نەوتەی لە سەرەتای ئابەوە بە هاوکاریی ئەمریکا لە تەنگەی هورمزەوە هەناردە کراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 1.3 ملیار بەرمیل.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 14ی تەممووز، کۆشکی سپی رایگەیاند، گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەسەپێنن و رێگە بە چوون یان گەڕانەوەی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە تەنگەی هورمزەوە نادەن.



