رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی لێدوانەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، جووەکان داگیرکەری بیانی نین و لە خاکی مێژوویی باوباپیرانی خۆیاندان، هەروەها ئیسرائیل ئاستەنگ نییە لەبەردەم ئاشتیدا.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە زمانی ئینگلیزی کە هەژمارى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، نەتەنیاهوو رەتیکردەوە دامەزراندنی ئیسرائیل پڕۆژەیەکی داگیرکاری بووبێت و گوتی: "گەلی جوو داگیرکەری بیانی نین. مێژووی ئێمە پڕۆژەیەکی داگیرکاری نییە، خاکەکەیشمان خاکی دزراو نییە". سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، ئەو ناوچەیەی ئێستا پێی دەڵێن ئیسرائیل، بە "یەهودا" ناسراوە و سەرچاوەی ناوی جووەکانە و هەزاران ساڵە بەستراوەتەوە بەو خاکەوە.
ئەم وەڵامەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 باراک ئۆباما لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لە زانکۆی کوینز لە بێڵفاشتی ئێرلەندای باکوور رایگەیاند، ئیسرائیلییەکان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیاندا "زەویی خەڵکیان داگیرکرد و زێدەڕۆییان کرد" و ئەو خەڵکەش مافی خۆیانە بە نادادی بزانن و زەوییەکانیان بوێت.
ئۆباما هۆشداری دایە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو کە پشتبەستن بە باڵادەستیی سەربازی و تەکنەلۆژی بۆ سەپاندنی هەموو مەرجێک بەسەر لایەنی بەرامبەردا، دەبێتە هۆی لەدەستدانی رەوایەتی. سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گوتیشی، "پێویستە دان بەوەدا بنێن کە نزیکەی 7 ملیۆن فەلەستینی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و ناڕۆن".
لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا، نەتەنیاهوو رایگەیاند، تێڕوانینی بەرامبەر بۆ پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای هەڵە داڕێژراوە و گوتی: "ئاستەنگی بەردەم ئاشتی ئیسرائیل نییە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی کە "ئاشتییەک لەسەر وەهم و خەیاڵ بنیات بنرێ، بە بەردە رەقەکانی راستییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکێشرێ و تێکدەشکێت".
نەتەنیاهوو لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتیشی، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک قومار بە مانەوە و ئاسایشی خۆیەوە ناکات بۆ رازیکردنی ئەوانەی دان بە راستییە مێژووییەکاندا نانێن.



