رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی مووشەکیی حووسییەکاندا بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی مەعاشیق لە شاری عەدەنی پایتەختی کاتیی یەمەن، پێنج کەس کوژران و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون. حکومەتی یەمەن رایدەگەیێنێت، دوو لە کوژراوەکان پاسەوانی تایبەتیی سەرۆکوەزیران بوون، بەڵام سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان بە سەلامەتی لە هێرشەکە دەربازیان بووە.
وەزیری تەندروستیی یەمەن، نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرشەکەی دوێنێی راگەیاند و پشتڕاستیکردەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16 برینداریش لە نەخۆشخانەکانی عەدەن چارەسەر وەردەگرن؛ هاوکات موعەممەر ئیرریانی، وەزیری راگەیاندنی یەمەن ئاشکرای کرد، حووسییەکان بە پێنج مووشەک بارەگای سەرەکیی حکومەتیان لە کۆشکی مەعاشیق کردووەتە ئامانج.
کوژرانی پاسەوانەکانی سەرۆکوەزیران لەنێو کۆشک
حکومەتی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا شایع زیندانی، سەرۆکوەزیرانی یەمەن و سەرجەم وەزیرەکانی حکومەت لە کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان لەنێو کۆشکەکەدا بوون و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، بەڵام دوو پاسەوانی سەرۆکوەزیران لە کاتی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ، حووسییەکان راستەوخۆ بارەگای فەرمیی سەرۆکایەتیی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی لە عەدەن بە مووشەک بۆردوومان بکەن.
ئەم هێرشە مووشەکییانەی حووسییەکان هاوکاتن لەگەڵ زنجیرەیەک پەلاماری بەردەوام بۆ سەر قووڵایی خاکی سعودیە.
بەپێی ئامارەکانی هاوپەیمانێتیی عەرەبی، تەنیا لە 11 رۆژی رابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز 20 جار لەلایەن حووسییەکانەوە بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژرانی 17 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
هاوکات دەیان فڕۆکەخانەی دیکە، کێڵگەی نەوتی و بەندەر لە سعودیە کەوتوونەتە بەر هەڕەشە، ئەمەش وایکردووە ریاز هەر جۆرە گفتوگۆ و ئاگربەستێک لەگەڵ ئەو گرووپە بە تەواوی رەت بکاتەوە.



