رووداو دیجیتاڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق رۆژانە ملیۆنیک بەرمیل نەوت بنێرێتە تورکیا و ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو بڕە بەشیان دەکات و تورکیا ناچار بە وڵاتانی دیکە ناکات. دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانیان، پرۆتۆکۆڵی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بەرێوەچوو. شاندەکەی عێراق رۆژی سێشەممە 28-7-2026 لە ئەنقەرە بوون و چەند دیدارێکی گرنگیان سازکرد. لەو چوارچێوەیەدا "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوئاهەنگیی خوێندن و ئەکادیمیا" لە لایەن مورات باڵجی، سەرۆکی ئەکادیمیای پۆلیس و عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە واژۆ کرا. یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی وەرزش و لاوانیش لە لایەن عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە واژۆ کرا. هەروەها "یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوئاهەنگیی پیشەسازی" لە لایەن محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقەوە واژۆ کرا. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان بۆ میدیا کرد. ئەردۆغان دوای بەخێرهێنانی عەلی زەیدی و شاندی یاوەری، گوتی:"عێراقی دراوسێمان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین زیانی لەم جەنگەدا پێگەیشتووە. ئێمە هەر لە کۆنەوە ئارامی و سەقامگیریی عێراقمان لە ئارامی و سەقامگیریی وڵاتەکەمان جیانەکردووەتەوە و جیایشی ناکەینەوە. هەوڵ دەدەین ناوچەکەمان ئیدی بە جەنگ، تیرۆر و پێکدادان یادنەکرێتەوە، بەڵکو بە گەشەپێدان، خۆشگوزەرانی و ئارامی یادی بکەنەوە. لەپێناوی ئەوەی دیدگەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و دیدگەی ناوچەی بێ تیرۆرمان ببنە راستەقینە، لەگەڵ برا عێراقییەکانمان لە گفتوگۆی زۆر نزیکین. پشتیوان بەخودا، ئەم پرسە کە قوربانیی زۆر گەورەی بە هەردوو وڵات داوە، بە شێوەیەکی هەمیشە لە رۆژەڤماندا دەردەهێنین". ئەردۆغان باسی دۆخی جەنگ و کاریگەرییەکانی کرد و گوتی:"لە بابەتی پێویستیی عێراق بۆ بەرهەمی پیشەسازیی بەرگرییدا و لە بابەتی دەستخستنی ئەو بەرهەمانەدا، ئەوەی لەسەر شانمان بێت ئامادەین بیکەین. وەنەبێ کەشی جەنگ تەنیا لە بابەتی پیشەسازیدا ئێمەی پەلکێشی هاوئاهەنگی کردبێت، لە بوارەکانی وزە و گەیاندنیشدا دەمانگەیەنێتە هاوئاهەنگییەکی قووڵ". ئەردۆغان بە گرنگییەوە لەو هەنگاوانەی روانی کە لە بابەتی رێگەی گەشەپێداندا نراون و تیشکی خستە سەر بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە وڵاتانی دیکەوە لەڕێی ئەو پرۆژەیەوە و گوتی:"زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی بەڕێز سەرۆکوەزیران لەم بابەتەدا ویستێکی بەهێزی هەیە". سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و عێراق، وزەیە و گوتی:"رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا دوێنێ کۆتایی هات. ئێستا ئامانجمان واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری وەهایە کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت. لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی کەرکووکدا هاوبەشی بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا دراوە. ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆ کرا، هەنگاوێکی مێژوویی بوو لە رووی هاوبەشیکردن لە بواری وزەدا". سەرۆککۆماری تورکیا باسی بابەتی ئاوی کرد کە دۆسیەیەکی گرنگی نێوان ئەنقەرە و بەغدایە و ئاماژەی کرد کە هەردوو وڵات زیانی گۆڕانی کەشوهەوایان بەرکەوتووە؛ هاوکات ئامادەیی تورکیای لە هەنگاوی باش و چۆنیەتیی بەکارهێنان و پاراستنی ئاو نیشاندا و گوتی:"ئێمە وەک تورکیا ئامادەی هەموو جۆرە هاوئاهەنگییەکین و ئەوەش لەسەر شانمان بێت، ئەنجامی دەدەین. ئێمە بابەتی ئاو وەک هۆکارێکی هاوئاهەنگیی وەها دەزانین کە ژیرانە، زیرەکانە و پشتئەستوور بە زانست هەنگاوی بۆ بنرێت". ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی تورکیا و عێراق لە 17 ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە و دەیانەوێ زیاتر بەرزی بکەنەوە؛ هەروەها جەختیکردەوە کە لە زۆربەی بابەتەکاندا لەگەڵ عەلی زەیدی بۆچوونەکانیان لە یەکدییەوە نزیک بووە. ئەردۆغان خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی عەلی زەیدی گرنگی بە تورکمانەکانی عێراق دەدات و گوتی:"دەبینم بەڕێز زەیدی هەڵوێستی ئەرێنیی بۆ هەستیاریی برا تورکمانەکان هەیە، بەتایبەتی ئەمە زۆر مانادارە کە سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی و پارێزگاری کەرکووک، سەلمان ئاغائۆغڵو لە شاندەکەیدایە". هەروەها خۆشحاڵیی نیشاندا کە عەلی زەیدی سیاسەتی نزیکبوونەوە و تێکەڵبوونی لەگەڵ ناوچەکە و هەوڵی ئەرێنیی لەگەڵ سووریا هەیە. لەم بابەتەدا پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە. دوای ئەوەی عەلی زەیدی دەستی بە گوتارەکەی کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نێوەڕاستی گوتەکانیدا گوتی:"بەڕێز سەرۆکوەزیران دەڵێ، ئێمە دەتوانین رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بدەینە تورکیا". ئەردۆغان لەوکاتەدا سەیرێکی عەلی زەیدی کرد و گوتی:"وایە؟" زەیدی وەڵامی (بەڵێ)ی دایەوە. دواتر سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: " (زەیدی) دەڵێ ئێوە پێویست بە شوێنی دیکە مەبن". ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا عەلی زەیدی باسی ناردنی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی نەکرد. لەوکاتەدا ئامادەبووان چەپڵەیان لێدا. سەرۆککۆماری تورکیا ئەمجارە رووی لە وەزیری وزەی وڵاتەکەی کرد و گوتی:"بەڕێز، وەزیر! پێویست ناکات پێویستمان بەملا و ئەولا بێت. ئەوەتا دراوسێمان؛ پشتیوان بەخوا کاتێک رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوتمان لە عێراقەوە گواستەوە، پێویستییەکانمان پڕ دەکاتەوە". سەرۆککۆماری تورکیا رووی لە زەیدی کرد و بە زمانی عەرەبی گوتی:"پشتیوان بەخوا خێردار بێت".
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-07-2026ترەمپ بۆ ئێران: ئەگەر رێککەوتن نەکەین، لە یەک رۆژدا کارەبا و پردەکانیان لەناودەبەین
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-07-2026وەزیری دەرەوەی یەمەن: حوسییەکان دەیانەوێت مۆدێلی ئێران لە دەریای سوور دووبارە بکەنەوە