رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، سێشەممە، سزای لە سێدارەدانی دوو کەس لە گۆڕەپانی "مەلەکشەهر"ی ئیسفەهان جێبەجێکراوە.
ئەو دوو کەسە بە ناوەکانی ئەمیرحوسێن سەفەری و ئەبولفەزل سپاهی، پێشتر بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو دەستگیرکرابوون.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەو کەسانە تۆمەتبار کرابوون بەوەی گوایە "لە خۆپیشاندانەکانی 8ی کانوونی دووەمی 2025دا، چوار پۆلیسیان لە مەیدانی "عەلیخانی" ئیسفەهان، بە پەت بەستووەتەوە و دوای بریندارکردنیان بە بەرد، بەنزینیان پێدا کردوون و ئاگریان تێبەرداون، لە کاتێکدا هێشتا زیندوو بوون، بەسەر زەویدا رایانکێشاون و دواتر بە چەقۆ و قەمە لێیان دراوە".
هەفتەی رابردوو، دەسەڵاتی دادی ئێران، دوو تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیەی، بە ناوەکانی "گوڵمحەممەد محەممەدی" و "عیرفان ئیسفەندیاری" لەسێدارەدا.
خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئێران، لە 28-12-2025 و دوای دابەزینی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەستیانپێکرد.



