رووداو دیجیتاڵ رۆژی دووشەممە 27-07-2026، بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک ئێران و ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی راگرت، هەرچەندە سعودیە رایگەیاند هێرشێکی درۆنیی گرووپە نزیکەکانی تارانی لە عێراقەوە تێکشکاندووە. دوای 13 شەو لە هێرش و بۆردوومانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەهۆی شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر کێشەی تەنگەی هورمز، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە هێرشەکان راگیراون. مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیامند، راگرتنی هێرشەکان بۆ پێدانی دەرفەتە بە دانوستاندنەکان، بەڵام تاران رەتیدەکاتەوە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و ناوچەکە و ئابووریی جیهانی هەژاندووە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "رەنگە نێوەندگیرەکان پەیامی لایەنی ئەمریکیمان پێبگەیەنن سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە، بەڵام ئێستا، ئێمە سەرقاڵی هیچ دانوستاندنێک نین لەگەڵ ئەمریکا." لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، وڵاتانی نێوەندگیر داوایان لێکردووە هێرشەکان رابگرێت و گوتی: "لەگەڵ ئێران لە دانوستاندنی قووڵداین." ترەمپ هۆشداریشی دا، کاتێکی زۆر بە دیپلۆماسییەت نادات و گوتی: "ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، ئەوا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دەگەڕێینەوە." سەرەڕای ئەو ئارامییە، رۆژی دووشەممە سعودیە رووبەڕووی هێرش بووەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، چەند درۆنێکیان تێکشکاندووە کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراقەوە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانیان کرابوون. هەرچەندە هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ریاز داوای لە بەغدا کرد رێگری بکات لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەو جۆرە هێرشانە. هاوکات، حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، رایانگەیاند لە وەڵامی بەزاندنی ئاسمانی ناوچەکانیان لەلایەن درۆنەکانی سعودیە، هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ژێرخانی نەوتیی ئەو وڵاتە، بەڵام تاوەکو ئێستا ریاز هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەمە نەداوە. لە سەرەتای ئەم جەنگەدا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە عێراق بە کردنی چەندین هێرش بۆ سەر خاکەکانیان تۆمەتبار کرد، بەڵام لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەم دواییەدا، ئەو گرووپانە بەرپرسیارێتیی هیچ هێرشێکیان لە ناوچەکەدا نەگرتووەتە ئەستۆ. لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای ئیسرائیل کە بەشداریی لەم شەڕەی دواییدا نەکردووە، رایگەیاند دوو درۆنیان لە نزیک سنووری ئوردن تێکشکاندووە و لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کوێوە ئاراستە کراون. بەهۆی راگرتنی هێرشەکانی نێوان واشنتن و تاران، رۆژی دووشەممە بازاڕەکانی پشک لە جیهاندا بووژانەوە و نرخی نەوتیش دابەزی. ئەمەش پشوویەکی بە کەشتیوانیی کەنداو و پیشەسازیی نەوت دا، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی و گەیشتە 87 دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز هێشتا وەک بەربەستێک لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانەدا ماوەتەوە، چونکە ئێران دەڵێ، دەبێت بەڕێوەبردنی ئەو رێڕۆ گرنگەی نەوت و گاز لای خۆی بێت. لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای پاسداران رێگریی لە چەندین کەشتی کردووە، لەوانە شەش کەشتی لە رۆژی دووشەممەدا، کە بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، هەوڵیان داوە لە دەرەوەی ئەو رێڕۆیەی تاران دیاریکردووە بە تەنگەکەدا تێپەڕن. تاران دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ عومان کە هاوسنووری تەنگەکەیە، لەسەر "بنەما هاوبەشەکان و میکانیزمەکانی کارکردن" گفتوگۆیان کردووە بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان. لە مانگی حوزەیراندا، مەسقەت و تاران رایانگەیاندبوو، تاوتوێی سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری دەکەن، هەنگاوێک کە واشنتن بە تووندی دژیەتی. بەڵام پێشتریش عومان ئێرانی تووڕە کردبوو کاتێک رایگەیاند، کەشتییەکان دەتوانن لە رێگەی سنووریی ئاویی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش وایکرد تاران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان. بەقایی دووپاتیکردەوە، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و عومانەوە نییە. ئەو گوتەبێژە رەخنەی تووندی لە واشنتن گرت و گوتی، رەفتارەکانی لەم ساڵانەی دواییەدا "لە رەفتاری باندێکی مافیا دەچێت کە پابەندی هیچ یاسا و رێسایەک نییە". گوتیشی: "تاوەکو ئەو جۆرە رەفتارانەی ئەمریکا بەردەوام بن، ناتوانین گەشبین بین بە دروستبوونی پرۆسەیەکی لۆژیکی."