رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئێران بە شێوەیەکی راستەوخۆ و لە رێگەی نێوەندگیرەکانییەوە داوای کۆبوونەوەی کردووە. هۆشداری دا ئەگەر لەم گفتوگۆ نوێیانەدا نەگەنە ئەنجام، ئەوا سوپای وڵاتەکەی دەست بە هێرشە چڕەکانی دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئەیر فۆرس وەن) لە کاتی گەشتکردنی بەرەو ناوچەی واتەرفۆرد، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکان و بە شێوەیەکی راستەوخۆش داوای کۆبوونەوەی کردووە. ئێمە ئێستا خەریکی کۆبوونەوەین و پێموایە شتی باش روودەدەن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی سەربازی و هێرشەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی تاران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی: "بەبێ ئەو کارانەی کە کردمانن، ئەوان ئێستا قسەیان لەگەڵ نەدەکردین. ئێستا چانسێکی باش هەیە کە بتوانین بگەینە رێککەوتن."
ترەمپ هۆشدارییەکی تووندیشی ئاراستەی سەرکردایەتیی ئێران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر رێککەوتنەکە سەرنەگرێت، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو کارانەی کە دوو رۆژ لەمەوبەر دەمانکرد." مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی بۆردوومانە چڕەکانە بۆ سەر ئێران.
سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم هێوربوونەوەیە، ترەمپ گوتی: "ئەمڕۆ نرخی نەوت بە شێوەیەکی یەکجار زۆر دابەزیوە."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە حوسییەکانی یەمەن کرد و گوتی: "ئێستا ئێمە لەگەڵ حوسییەکان تێوەنەگلاوین، بەڵام ئەگەر ئەوان ببنە کێشە، رەنگە ناچار بین دەستوەردان بکەین و کارەکان رێکبخەینەوە."
بۆ ماوەی 13 شەوی لەسەریەک، سوپای ئەمریکا بۆردوومانی ئێرانی کرد، ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، ئەمریکا دەڵێت لەو 13 رۆژەدا زیاتر لە 140 ئامانجی لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کردووە، رۆژی شەممە ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "رەنگە نێوەندگیرەکان پەیامی لایەنی ئەمریکیمان پێبگەیەنن سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە، بەڵام ئێستا، ئێمە سەرقاڵی هیچ دانوستاندنێک نین لەگەڵ ئەمریکا."

![سێ رۆژە شەڕ وەستاوە؛ سعودیە درۆنەکانی [گرووپە چەکدارەکانی] عێراق تێکدەشکێنێت](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260727200030_AFP__20260727__C39X7AF__v1__HighRes__IranUsIsraelWar.jpg&w=3840&q=75)

