رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت، لە کۆتاییەکانی جەنگی 40 رۆژەوە، کۆمەڵێک درۆنی نوێیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەکارهێناوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە هێرشی درۆنی و مووشەکی، سەرجەم ژێرخانەکانی ئەمریکایان لە هەولێر لەنێوبردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-07-2026، محەممەد
ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران سەبارەت بە جەنگی نێوان تاران و واشنتن رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و
مووشەکییەکانیاندا، توانای سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە تێکشکاندووە.
بەگوتەی محەممەد ئەکرەمی نیا، لە
کۆتاییەکانی جەنگی 40 رۆژەوە، بە درۆنی پێشکەوتووتر لە (ئارەش 2) هێرشیان کردووەتە
سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
گوتەبێژی سوپای ئیران باسی لەوەش کرد،
هێشتا تایبەتمەندیی درۆنە نوێیەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە، ''بەڵام بەراورد بە (ئارەشی 2) هێزی تێکدانی زیاتریان
هەیە، لە پێکاندا وردترن و مەودایەکی زیاتریش دەبڕن.''
لە بەشێکی قسەکانیدا، محەممەد
ئەکرەمی نیا ئاماژەی بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران کرد بۆ سەر هەرێمی
کوردستان و گوتی: ''نزیک بە هەمووی ژێرخانەکانی ئەمریکامان لە هەولێر
لەنێوبردووە.''
گوتەبێژی سوپای ئێران دەشڵێت، لە
وڵاتانی کەنداویش زیانی جدییان بە بنکەکانی ئەمریکا گەیاندووە و بەشی زۆری توانای
سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە لەنێوبردووە؛ ''ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە ئەگەر جەنگ درێژە
بکێشێت، بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئەمریکا بدەین.''
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل
لەگەڵ ئێران، هێزەچەکدارەکانی وڵاتەکە بە پاساوی زیانگەیاندن بە
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 930 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە تاوەکو ئێستا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسی دیکەش بریندار بوون.


