رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی فەرماندەی سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی رێبەری پێشووی ئێران دەکات و دەشڵێت: ''ئەمریکا لەم جەنگەدا شکست دەهێنێت و ناچارە مەرجەکانمان قبووڵ بکات''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-10-2026، رەمەزان شەریف، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە رێوڕەسمێکدا لە مەشهەد رایگەیاند: "هیچ ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی ئەمریکا لە جەنگدا بەدی ناکرێت".
بەگوتەی رەمەزان شەریف، ئەمریکا ناچار دەبێ مەرجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵ بکات.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە جەنگی 40 رۆژەدا، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن هێرشیان کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران گوتی: "ئەمڕۆ نزیکەی تەواوی تواناکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێمە لەکارکەوتوون و بنکەکانیان شیاوی بەکارهێنان نین".
لە بەشێکی قسەکانیدا رەمەزان شەریف، ئاماژە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکەی کرد کە دەستپێکی جەنگی 40 رۆژە، لە هێرشێکدا بۆ سەر تاران کوژرا و گوتی: "دوژمنان بە شەهیدکردنی رێبەر هەڵەیەکی گەورەیان کرد. تۆڵەی خوێنی رێبەرمان دەکەینەوە و دەبێ باجێکی قورس بدەن''.
قسەکانی شەریف لەکاتێکدان ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن جەنگێکی دیکەی نێوان تاران و واشنتن دەستپێبکات.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول رایگەیاند: ''لەوانەیە بیکەین. مەبەستم ئەوەیە، با بزانین چی دەبێت.''
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێموایە ئەوان بە خراپی شکست دەهێنن. وڵاتەکەیان بە خراپی شکست دەهێنێت. سوپاکەیان تێکشکاوە. هیچ هێزێکی دەریاییان نییە. هیچ هێزێکی ئاسمانییان نییە"
بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.


