رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا بووەتە قاچاخچیی سووتەمەنی. دەشڵێت کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز و دەریای عومان لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-10-2026، عەلی عوزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: ''ئەمڕۆ حەوت کەشتیگەلی سوپای ئەمریکا هیچ کارێکیان لەدەست نایەت و تەنیا بوونەتە قاچاخچیی سووتەمەنی''.
بەگوتەی عەلی عوزمایی، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا کە بەهاکەی دەگاتە 13 ملیار دۆلار، لەکارکەوتووە و نزیکەی 800 کیلۆمەتر لە تەنگەی هورمز دوورکەوتووەتەوە، ''چونکە زیانی بەرکەوتووە و دەزانن بۆ ئێمە زیانگەیاندن پێی زۆر ئاسانە، بۆیە بوێریی ئەوەیان نییە بێنە پێشەوە.''
ئەو فەرماندەیە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تەنگەی هورمز و کەنداو لە کۆنترۆڵی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندان و دەریای عومانیش سوپای وڵاتەکە (ئەرتەش) کۆنترۆڵی کردووە.
ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران و چەندین جار بەرپرسانی واشنتن رایانگەیاندووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەی نەوتی تاران دەگەیێننە سفر. عەلی عوزمایت دەڵێت: "ئەو گەمارۆیەی باسی دەکەن، نەوەک لە تەنگەی هورمز نییە، بەڵکو لە دەرەوەی دەریای عومانیشە. چونکە کەشتییە سەربازییەکانیان ناوێرن لەوە زیاتر نزیک ببنەوە''.
28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئادارەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 14ی تەممووز، ئەمریکا دەستی بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێران کردەوە و کۆشکی سپی رایگەیاند، رێگە بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەکی ئێران نادەن.
ترەمپ گوتی: "گەمارۆی دەریاییمان خستووەتە سەر تەنگەی هورمز و رێگە نادەین هیچ کەشتییەک بەرەو ئێران یان لە ئێرانەوە تێپەڕێ".
بە گوێرەی فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە دەستپێکی سەپاندنی گەمارۆکەوە ئاڕاستەی زیاتر لە 130 کەشتییان گۆڕیوە کە دەیانویست بچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە لە تەنگەی هورمز بچنە دەرەوە.
سێتکۆم دەڵێ، لە هەمان ماوەدا 14 کەشتییان لەکارخستووە کە دوای ئاگادارکردنەوەیان ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن.

