رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوای ئەوەی ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانییان، بۆ لێپرسینەوە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەیان لە تاران بانگهێشت کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26-07-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی لە دەریای قەزوێن هێرشیان کردە سەر کەشتییەکیان، کاربەڕێکی کاتیی ئۆکراینایان لە تاران بانگ کردووەتە وەزارەتەکە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کاتی بانگکردنی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینای شەوی شەممە راگەیاندووە و دەڵێت، "ناڕەزایی تووندی" ئێرانیان لە بەرامبەر ئەو "کردەوە دوژمنکار و تاوانکارانەیە"ـی پێ راگەیێندراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا ئاگادار کراوەتەوە، ''هێرشکردنە سەر کەشتیی بازرگانیی ئێران لە دەریای قەزوین، ''پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان'' و ''کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە''ـیە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکەی بە ''هەڕەشەیەکی ئاشکرا'' بۆ سەر ئاسایشی هەموو وڵاتانی کەناراوی دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێ حکومەتی ئۆکراینا لەم بارەیەوە وەڵامدەرەوە بێت و فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە سزا بدات."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشەی لە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا کردووە کە ''دەستدرێژیکردنە سەر گیان و سامانی هاووڵاتییانی خۆمان بێ وەڵام ناهێڵینەوە."
دوێنێ شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەوان لە دەریای قەزوێن کە لە ئەنجامدا دەریاوانێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەش کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دەریای قەزویندا بەکارهێندراون.


