رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسداران هەڕەشە لە بەریتانیا دەکات و دەڵێ، ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا بکات، دەبێتە ئامانجی ''راستەوخۆ و رەوای'' هێزە چەکدارەکانی ئێران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26-07-2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران سەبارەت بە ئەگەری هاوکاریکردنی ئەمریکا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە رایگەیاند: "هەر وڵاتێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکا بکات، بێگومان هێرشی دەکەینە سەر''.
حوسێن موحیبی ئاماژەی بە بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانیی راف فێرفۆردی بەریتانیا کرد لەلایەن ئەمریکاوە و گوتی: ''لەم دواییەدا بۆمبهاوێژی B1ـی ئەمریکا فڕۆکەخانەکانی بەریتانیایان بەکارهێناوە. ئەگەر ئەو وڵاتە هاوکاریی ئەمریکا بکات، دەبێتە ئامانجی راستەوخۆ و رەوای ئێمە.''
23ـی تەمموز بەرپرسانی بەریتانیا رایانگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جۆری (B-1)ـی لە بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنا.
ئەمە یەکەم مامەڵە و رێگەپێدانی سەربازی لەو شێوەیە بوو لە بەریتانیاوە لەوەتەی ئاندی بێرنەم بووەتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
لە سەرەتای جەنگەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، ئێران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە. حوسێن موحیبی ئاماژەی بەوە کرد، لەو وڵاتانە زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریکییان کوشتووە و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون.
13 رۆژی لەسەر یەک بوو ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران بەردەوام بوو. لە بەرامبەردا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکردە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام دوو رۆژە پێکدادانەکان راگیراون.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
