رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی مێرانی پارێزگای ئیلام دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 127 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 25-07-2026، حەیدەر نیعمەتی، قایمقامی مێرانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 58٪ـی ئەو زیارەتکارانەی بۆ چلەی ئیمام حوسێن ناویان تۆمارکردووە و سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن، دەروازەی سنووریی مێرانیان بۆ تێپەڕین هەڵبژاردووە.
بەگوتەی حەیدەر نیعمەتی، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 127 هەزار و شەش زیارەتکار لە دەروازە سنوورییەکەوە تێپەڕیون.
وەک قایمقامی مێران گوتی، لەو ژمارەیە 112 هەزار و 544 زیارەتکار لە دەروازەی مێرانەوە بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی عێراق چوون.
حەیدەر نیعمەتی ئاماژەی بەوەش کرد، 14 هەزار و 462 زیارەتکاریش لە عێراقەوە بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەڕاونەتەوە.
قایمقامی مێران دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی دەروازە سنوورییەکە بۆ هاتووچۆی بەشداربووانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە، هێشتا ئاسانکاریی زیاتر بۆ تێپەڕینی زیارەتکاران دەکرێ.
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ساڵانە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و جگە لە شیعەی عێراق، هاووڵاتییانی شیعەی وڵاتانی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن.
دەروازەی سنووریی مێران لە دیوی عێراقەوە بە دەروازەی زڕباتییە ناسراوە و لە پارێزگای واستە.
نزیکەی 85 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلامەوە دوورە و جگە لە لایەنە بازرگانییەکەی، بەهۆی نزیکی لە شارە پیرۆزەکانی عێراقەوە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ئایینی پێیدا تێدەپەڕن.


