رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان و باری لە ناکاوی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی کە لەوانەیە لە وەرزی زستان و لە چوار مانگی کۆتایی ئەم ساڵدا، ئێران رووبەڕووی کەمیی وزە ببێتەوە، بەتایبەت لە کەرتی گاز و کارەبادا.
حوسێن ساجدی نیا، بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی قەیرانەکان و باری لە ناکاوی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، لە پارەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسی کەمیی وزە، ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکهێنراوە کە کار لەسەر زیادکردنی خۆڕاگریی هاووڵاتییان، دیاریکردنی رێکارەکان و شێوازی دەستپێوەگرتن بە کارەبا و گازەوە دەکات.
ساجدی نیا ئاماژەی بە بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژێرخانانەی لەلایەن دووژمنەوە لێیان دراوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و گازدا، لەوانەیە لە وەرزی زستان و لەم چوار مانگەی کۆتایی ساڵدا رووبەڕووی کەمیی وزە ببینەوە."
ساجدی نیا روونیکردەوە، "لانیکەم هەفتەی جارێک یاخود 10 رۆژ جارێک سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە و ئاستی پێشکەوتنی رێکارەکان دەخرێتە روو."
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوول لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر کەرتی وزەی ئێران، رۆژانە نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا لە توانای گازی ئێران لەدەستچووە، ئەم بڕەش یەکسانە بە نزیکەی سێیەکی توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەی گازی (پارسی باشوور)، لە کاتێکدا ئەو کێڵگەیە بە تەنیا زیاتر لە 70٪ی پێویستیی گازی ئێران دابین دەکات.
بەپێی ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران (ئیسپا)، بەگوێرەی راپرسییەکی نیشتمانی کە ناوەندەکەیان لە سەرانسەری وڵاتدا کردوویەتی، زیاتر لە 66٪ی هاووڵاتییانی ئێران نیگەرانن لە کەمیی وزە و ئەگەری دیاریکردنی پشکی کارەبا و گاز لە وڵاتەکەیاندا.

.jpg&w=3840&q=75)
