رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، وەڵامی ئەمریکا بۆ پێشنیازە حەوت مەرجییەکەی تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز وەک پێویست نییە، هەرچەندە هەندێک مەرجی قبووڵ کردووە. موحسین رەزایی دەشڵێت: "لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا کێبڵەکان، داتاسەنتەرەکان و سەنتەرەکانی ژیریی دەستکرد لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج."
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران شەوی یەکشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی پرێس تیڤی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا وەڵامی حەوت مەرجەکەی ئێرانی داوەتەوە و "هەندێکیانی قبووڵ کردووە"، بەڵام ئەم وەڵامە لە روانگەی تارانەوە "وەک پێویست نییە" و هێشتا ناڕوونی هەیە.
بە گوتەی موحسین رەزایی، ئەمریکییەکان لە دوو مانگی رابردوودا لە رێگەی سێ کەناڵی جیاواز، پاکستان، قەتەر و تەنانەت عێراقیش لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیدا بوون و داوایان کردووە کە تاران پێشنیازەکانی پێشکێش بکات.
رەزایی گوتی: "ئێران بە روونی بە ئەمریکای راگەیاندووە، تاوەکو ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەی جێبەجێ نەکرێن، تەنگەی هورمز بە رووی ئەمریکییەکاندا ناکرێتەوە و هیچ دانوستاندنێکیش ناکرێ."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ستیف ویتکۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و پێشنیازی ئێرانی خستەڕوو کە دواتر بە حەوت مەرجەکەی تاران ناسرا.
لە پێشنیازە نوێیەکەدا تاران داوای کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی وڵاتەکەی و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی دەکات. ئێران هەروەها داوای راگرتنی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە (بە لوبنان و یەمەنەوە)، گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و پابەندبوونی واشنتن بە پابەندییەکانی دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ بکرێن، لە رۆژی حەوتەمدا تەنگەی هورمز دەکرێتەوە.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگدا "بە بەرنامەیەکی زۆر فراوانتر و بەربڵاوترەوە بەرەو رووی دووژمن دەبینەوە."
رەزایی گوتی: "ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا دڵی ئابووری ئەمریکایە. ئەمریکا خاوەنی پێداویستی و دامەزراوەی زۆر گرانبەهایە لە ناوچەکەدا. ئێمە هێشتا ئەمانەمان نەخستبووە ناو بازنەی ئامانجەکانمانەوە، بەڵام ئەگەر جەنگ هەڵبگیرسێتەوە، زۆرێک لە کێبڵەکان، داتاسەنتەرەکان و سەنتەرەکانی ژیریی دەستکرد کە لە رووی بەهای داراییەوە زۆر گرانبەھان و بەهاکەیان زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە، دەکرێنە ئامانج."
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژە بە سزاکانی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئێمە ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی دامەزراندنی ئەنجومەنی جەنگی ئابوورین."
موحسین رەزایی لەوبارەیەوە گوتی: "پێدەچێت ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە پێکبهێنرێت و بە ترامپ و وەزیری گەنجینەی نیشان دەدەین کە شەڕی ئابووری چییە و ئەوان لەو جەنگەدا لە چ پێگەیەکدان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران باس لەوە دەکات، ئەمریکا بە هاوکاری هێزە چەکدارەکانی ئیمارات و سعودیە "هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەو هێڵە بۆرییەی کە دەچێتە فوجەیرە، هەروەها گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، بەشێک لە نەوتەکە بە شەوانە لە ناوچەکە بگوازێتەوە و دوای ئەنجامدانی ئەم کارانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنگەی هورمز کراوەیە."
موحسین رەزایی رایگەیاند لە دوو سێ مانگی رابردوودا، هەموو شەوێک پێنج تاوەکو شەش کەشتی لەو کەشتییانەی کە نەوت دەگوازنەوە، لە لایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

.jpg&w=3840&q=75)