رووداو دیجیتاڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران خانمە چالاکڤانێکی کوردی خەڵکی شاری سنەیان لە تاران دەستبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە. بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی سێشەممەی رابردوو، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، ناهید خوداجوو، چالاکڤانی کرێکاری و خەڵکی سنە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ پێشاندانی فەرمانی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناهید خوداجوو، لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەت و مۆبایلەکەیدا گرتووە، پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. ناهید خوداجوو چالاکڤانی بواری مافەکانی کرێکاران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانە. سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر دەستگیرکردنیدا و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی راگرتن و بارودۆخی تەندروستییەوە لەبەردەستدا نییە. هاوکات ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی باس نەکردووە.