رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێت، ئەو چوار کەسەی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئەهوازدا کوژران، ئەندامی سوپای وڵاتەکەن و یەکێکیان خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25-07-2026، میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە هێرشێکی مووشەکیدا کە دوێنێ کرایە سەر ئەهوازی باشووری ئێران، چوار ئەندامی سوپای وڵاتەکە (ئەرتەش) کوژراون.
ناوی کوژراوەکان بە میلاد هیممەتی، مەهدی چراغپوور، ئارمین زارعی و حامید شەریفی بڵاو کراوەتەوە کە بەگوێرەی میدیای ئێران، میلاد کورد و خەڵکی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەرەبەیانی دوێنێ هەینی سوپای ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر چەندین شاری ئێران. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان راگەیاند، چەند ناوچەیەک لە ئەهوازی ناوەندی پارێزگاکە، بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
بەگوتەی وەلیوڵڵا حەیاتی، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەدا، لانیکەم چوار کەس کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە 27ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 24ـی تەممووز، 59 کەس لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکە کوژراون و 666 کەسیش بریندار بوون.


