رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، هاوکێشەیەکی نوێ لە مەیدانی جەنگدا جێبەجێ دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە لە بەرامبەر کوژرانی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی، سەربازێکی ئەمریکی دەکوژن.
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، ئەمڕۆ 24ـی تەممووزی 2026، لە پەیامێکدا گوتی: "ئەو شێوازەی کە پێشتریش کردەییبوونمان بۆ دووژمن سەلماندبوو ئەوەیە کە لەم ساتەوە دەبێتە هاوکێشەی یەکلاکەرەوەی مەیدانی جەنگ و لە بەرامبەر شەهیدکردنی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی، سەربازێکی ئەمریکی لەنێودەبردرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، عەبدوڵڵاهی بە زمانێکی هەڕەشەئامێز روو لە هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت: "بلیتی خۆڕایی و راستەوخۆمان بۆ دۆزەخ بۆ ئامادە کردوون."
ئەم پەیامەی عەلی عەبدوڵڵاهی لە کاتێکدایە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بە هێزێکی "زۆر گەورەتر" و ناهاوسەنگ وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران بداتەوە و وەسفی سیاسەتی سەربازیی سەرۆکی وڵاتەکەی کرد بەوەی "سەرێکە بەرامبەر چاوێک".
مارکۆ رۆبیۆ لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مانێلای پایتەختی فلیپین، وەڵامی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە. عێراقچی رۆژی چوارشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیبووی، رێبازی بەرگریی وڵاتەکەی "چاوێک بەرامبەر چاوێکە" و هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئێران وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "سیاسەتی سەرۆک ترەمپ بریتییە لە سەرێک بەرامبەر چاوێک. بە راشکاوی دەڵێم، ئەوە روودەدات. ئەوان باجێکی یەکجار قورس لە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکەن، دەدەن."



