رووداو دیجیتاڵ بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیێندراوی ژمارە 51ـی خۆیدا سەبارەت بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی دەڵێت، شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە ئوردن و هەولێر بۆردوومان کردووە و هێرشەکانیش زیانی زۆریان هەبووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزە سەربازییەکانی ئێران شەپۆلی 27ـی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام داوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە هێرشێکی کاریگەر بۆ سەر بنکەی ئەمریکا لە ناوچەی ئەزرەقی ئوردن، زیانی گەورەیان بە چەندین فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا گەیاندووە، هەروەها شوێنێکی نیشتەجێبوونی سەربازانی ئەمریکیان وێران کردووە و لە ئەنجامدا چەندین کەسیان کوژراون و بریندار بوون. سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە زیانە گیانییەکانی دەشارێتەوە و دەڵێت، ئەمریکا "لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانییەوە لەگەڵ گەلی خۆی و وڵاتانی دیکە راست ناکات. ئێمە داوا لە ناوەندەکانی توێژینەوە و میدیاکان دەکەین لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەن." بەپێی راگەیێندراوی ژمارە 51ـی سوپای پاسداران، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا "سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و باڵۆنێکی چاودێریی ئەمریکایان لە هەولێر تێکشکاندووە." راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، سوپای پاسداران شوێنی مانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکایان لە هەولێر بۆردوومان کردووە. ئەم راگەیێندراوانە لە کاتێکدان، جەنگی ئەمریکا و ئێران دەستی پێکردووەتەوە و 13 شەوە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر سیستمە دژە مووشەکییەکان، رادارەکان و ناوەندەکانی کۆنترۆڵی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئێران. ئێرانیش لەو 13 رۆژەدا هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای جەنگەوە لە 28ـی شوباتەوە بە زیاتر لە 930 درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسیش بریندار بوون.
ئێران24-07-2026سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە خەڵکی ناوچەکە: 500 مەتر لە بنکەکانی ئەمریکا دووربکەونەوە