رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لێیە و داوایان لێدەکات بە دووری 500 مەتر لە شوێنی مانەوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دووربکەونەوە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو بنکانە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەکرێنە ئامانج.
رۆژی هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی تاران ئامادەیی نیشاندا بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی کۆتاییهێنانی شەڕ لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو و لە رۆژی 21ـی تەممووزەوە رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و شەڕی دەستپێکردووەتەوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بە شەڕی 40 رۆژە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرس و فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە و دەڵێت: تاران بەوپەڕی لێبوردەییەوە چووە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام واشنتن جارێکی دیکە شەڕەکەی هەڵگیرساندەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای تێپەڕبوونی 13 رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕدا، نیشانەکانی شکستی ئەمریکا دەرکەوتوون. بەڵام دووژمن بۆ رزگاربوونی لەم بنبەستە، پەنای بردووەتە بەر تاوانی جەنگ و بەئامانجگرتنی پردەکان، بەندەرەکان، بەلەمەکانی ماسیگریی خەڵک، ئۆتۆمبێلەکان و هێڵی شەمەندەفەری کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی."
سوپای پاسداران ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی دوێنێ هێرشی کردووەتە سەر زیارەتکارانی شیعە لە سنووری عێراق و ژمارەیەکی لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم تاوانانەدا، بەرنامەی ئێمە تۆڵەسەندنەوە دەبێت، زۆرێک لە ئەفسەران و سەربازانی ئەمریکا لە ترسی هێرشەکانمان بنکەکانی خۆیان جێهێشتووە و لەنێو باڵەخانەکانی نێو شارەکاندا بە شێوازی شاراوە جێگیر بوون؛ بۆیە هۆشداری دەدەینە خەڵکی ئەو وڵاتانە کە بەپەلە تاوەکو 500 مەتر لەو شوێنە شاراوە و فەرمییەکانی ئەمریکا دووربکەونەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بن."
هۆشدارییەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، 13 رۆژە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی ئێران بەردەوامن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوامن لە هێرشی درۆنی و مووشەکیی سەر وڵاتانی ناوچەکە.



