رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە وەک ''سەرچاوەی دەستدرێژییەکان''ـی ئەمریکا بە ئاسایی دەزانێت و دەڵێت، پێویستە ترەمپ دەست لە ''زێدەخوازی و زۆرداری'' هەڵبگرێت.
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران باسی لە جەنگی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''دۆناڵد ترەمپ [سەرۆکی ئەمریکا] تەنیا یەک رێگەی هەیە، ئەویش وازهێنانە لە زێدەخوای و زۆرداری. نابێ هیچ کات خەیاڵی خۆبەدەستەوەدانی گەلی ئێرانی هەبێت.''
موحسینی ئیژەیی گوتیشی، لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا "دووژمنکاری و دەستدرێژی"ـی ئەمریکا دژی ئێران گەیشتووەتە لووتکە، ''ئەوان چەندین ناوچەیان لە وڵاتانی دراوسێمان داگیر کردووە و لەو ناوچانەوە هێرش دەکەنە سەر ئێران.''
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران وەک هەڕەشەیەک لە وڵاتانی کەنداو کە بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لێیە، گوتی: ''ئاساییە ئەگەر سەرچاوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەینە ئامانج."
لە 13 رۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار بنکە سەربازییەکان و ژێرخانە سڤیلەکانی وەک وێستگەی شەمەندەفەر، فڕۆکەخانە، پرد و بەندەرەکانی ئێرانیان بۆردوومان کردووە. لە بەرامبەریشدا ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.



