رووداو - دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی بەردەوامیی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە هۆشداری دەدات و دەڵێت، هەر شوێن و وڵاتێک ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر خاکەکەیان، وەک ئامانجێکی رەوای سەربازی دەیبینن و هێرشی دەکەنە سەر.
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەمموزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە شاری چۆڵپۆن ئاتای کرگیزستان، رەخنەی تووندی لە بێدەنگیی جیهان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی گرت.
عێراقچی ئاماژەی بە بۆردوومانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان، ناوەندەکانی خوێندن و تەندروستی، و تەنانەت وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و گوتی: "کاتێک هێرشکردنە سەر ئەم شوێنە گرنگانە بێ وەڵام دەمێنێتەوە، هیچ وڵاتێک ناتوانێت دڵنیابێت کە سبەی خۆی نابێتە قوربانیی رەفتارێکی لەم شێوەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، وڵاتەکەی رێگەی دیپلۆماسی گرتبووەبەر، بەڵام وەڵامی دیپلۆماسی بە هێرشی سەربازی درایەوە، ئەوەش بە گوتەی ئەو، متمانە بە گفتوگۆ لاواز دەکات. عێراقچی گوتیشی: "ئێران هیچ کات دەستپێشخەری جەنگ نەبووە و نابێت، بەڵام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی بەرگریی رەوای هەیە."
عێراقچی رەخنەی تووندی لە ئەمریکا گرت و رایگەیاند، واشنتن تەنیا چەند هەفتەیەک دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ، پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە. هەروەها ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە دەستێوەردان لە رێوشوێنە دەریاییەکانی تەنگەی هورمز و سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی کە بە گوتەی ئەو، بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانیی بازرگانی لە جیهاندا.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و گوتی: "هەر جۆرە بەشداری، هاوکاری یان یارمەتیدانێک لە هێرشکردنە سەر ئێران، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو لایەنانە دروست دەکات و سەرچاوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر گەلی ئێران، دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆ هێزە چەکدارەکانمان."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026 تارانی بەرەو کرگیزستان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای بکات، کە لە شاری چۆڵپۆن ئاتای قرغیزستان بەڕێوەدەچێت.



