رووداو - دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری گیلان رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە ناوچەی زیباکەناری سەر بە پارێزگاکە و لە ئەنجامدا زیان بەر بەشێک لە کەرەستەکانی گەیشتووە.
ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، عەلی باقری، جێگری پارێزگاری گیلانی باکووری ئێران رایگەیاند، کاژێر 07:30 خولەکی بەیانی، ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر بارەگای دەریایی (سەیدولشوهەدا)ـی سوپای پاسداران لە ناوچەی زیباکەنار.
بەگوتەی عەلی باقری، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، بەشێک لە کەرەستەکانی نێو بارەگاکە تێکشکاون، ''بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.''
بارەگای سەیدولشوهەدای زیباکەنار، یەکێکە لە ستراتیژیترین ناوەندەکانی راهێنانی سەربازی، کە سەر بە هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانە. ئەم ناوەندە دەکەوێتە ناوچە کەناراوییەکانی پارێزگای گیلان کە لەنێوان رەشت و بەندەر ئەنزەلی هەڵکەوتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا بۆ 13ـیەم رۆژی لەسەریەک، هێرشی کردە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە نزیکەی 20 شاری وڵاتەکە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی ناوچەکە کردە ئامانج.



