رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک بەکاربهێنێت، کە بەر کەشتیوانیی جیهانی دەکەوێت. ئێرانیش هۆشداری لەو هەنگاوەی ئەمریکا دەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، واشنتن ئێران بە بەرپرسیاری کارەکانی حوسییەکان دەزانێت و هۆشداری دا کە هەردوولا بەم زووانە رووبەڕووی "سزایەکی گەورەی سەربازی" دەبنەوە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، "ئەمریکا دەست دەکات بە بەکارهێنانی ئەو سەرمایە بلۆککراوانەی ئێران کە لەژێر کۆنتڕۆڵی واشنتندان، بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی بەر کەشتی، بار، یان هەر شتێکی پەیوەندیدار بە کەشتیوانی لە ناوچەکەدا دەکەوێت."
ئەمڕۆ هەینی، 24-07-2026، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی تاران وەک قەرەبووی هێرشە دەریاییەکان، گوتی: "دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵاتێکی دیکە بۆ دابینکردنی تێچووی داواکارییەکانی دواڕۆژ، کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو سامانەوە نییە، پێشینەیەکی مەترسیدارە."
عێراقچی رووی دەمی کردە ئەو لایەنانەی کە پاڵپشتی لەم هەنگاوەی واشنتن دەکەن و گوتی: "ئەوانەی خۆشی بۆ ئەم بڕیارە دەردەبڕن یان قازانجی لێ دەبینن، دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە کاتێک حکومەتەکان دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵاتان ئاسایی دەکەنەوە، ئیدی سامانی هیچ کەسێک پارێزراو نابێت."
هەڕەشەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەرەیەکی نوێی جەنگیان لە رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سووردا کردەوە و هێرشیان کردە سەر چەند نەوتهەڵگرێک.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانیان بۆ لێپرسینەوەیە لە ئێران و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە مووشەکەکانی ئەمریکا شاری ئەهوازیان لە باشووری رۆژئاوای وڵات پێکاوە، هەروەها دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی ئومیدیە، شاری بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم لە تەنگەی هورمز بیستراوە.
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران، لە رێگەی تەلەفۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە رایگەیاند: "هێرشە تۆڵەسێنەکانی هێزە چەکدارەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخان و ناوچە کەناراوەکانمان بەردەوام بن."
دوای هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر رێڕەوەکانی دەریای سوور، نرخی نەوتی برێنت بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئایاری رابردووەوە، ئاستی 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند و بە رێژەی 7٪ بەرزبووەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا و گوتی: "بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و بەرەو قۆناخێکی وایە کە بیری لێ ناکرێتەوە."
هەروەها کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا، رایگەیاند کە رەنگە شۆکی وزە تووندتر بێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاش هۆشداری لە لێکەوتە کارەساتبارەکان بۆ ئەو وڵاتانەی نەوت هاوردە دەکەن، دا.
شەوی چوارشەممە حوسییەکان بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردە سەر دوو نەوتهەڵگری سعودی بە ناوەکانی (ئێنسێلیا) و (لەیلا) لە دەریای سوور، ئەوەش دوای ئەوەی گەمارۆی بەندەرەکانی سعودیەیان راگەیاند. سعودیە پشتڕاستی کردەوە کە کەشتیی (ئێنسێلیا) پێکراوە.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، رێگرییان لە سێ نەوتهەڵگر کردووە لە تەنگەی هورمز تێپەڕ بن.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکا، ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەنگدانێکی سمبولییدا داوای لە ترەمپ کرد جەنگ رابگرێت، کە ئەمەش نیشانەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر سیاسەتەکانی سەرۆک لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول نزیکن.
لە مەنیلا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئێران حوسییەکانی "هەڵخەڵەتاندووە" بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور. روبیۆ گوتی: "حوسییەکان تاوەکو ئێستا زیرەک بوون و خۆیان لەم ململانێیە بەدوور گرتبوو، بەڵام ئێستا تێوەگلاون و هێرش دەکەنە سەر سعودیە و کەشتییەکانی."
عومان، کە نێوەندگیرێکی سەرەکییە، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی دەریای سوور دەربڕی و رایگەیاند، کە هەوڵ دەدات دانوستاندنەکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکان دەستپێبکاتەوە بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی تەواوەتیی دۆخەکە.



