رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی سووریا و کۆمکاری عەرەبی، لە دوو راگەیێندراوی جیادا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن. رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: بە توندی سەرکۆنەی دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر خاکی وڵاتانی کوێت، عومان، بەحرەین، ئوردن و هەرێمی کوردستان. وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هێرشانە لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کراون و ئەوەش بە "بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان" ناودەبات، کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە. هاوکات، نەبیل فەهمی، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، هۆشداریی دا لەوەی ئەو رەفتارانەی ئێران ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبەن. نەبیل فەهمی رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بەحرەین، ئوردن، قەتەر، کوێت و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە کۆماری عێراق، گوزارشت لە رەفتارێکی دوژمنکارانە دەکەن کە ناکرێت بێدەنگییان بەرامبەر بکرێت." ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوای کرد ئێران دەستبەجێ هێرشەکانی رابگرێت و چیدی لە رێگەی بریکارەکانییەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و تەنگە ئاوییەکان نەکات. سووریا و کۆمکاری عەرەبی هاوسۆزیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە دەربڕی کە کراونەتە ئامانج و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنرێت. لە 24 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە پێنج درۆن بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە هەشت پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان بریندار بوون. هەروەها کاردانەوە دژی هێرشەکان بەردەوامە. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی 19ـی تەممووزی 2026، هەرێمی کوردستان بە 45 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست19-07-2026دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی، ترەمپ فەرمان دەکات بەتووندی لە ئێران بدرێت