رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا، گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتنە ئاستێکی مەترسیدارتر. ئەمریکا هەشتەم قۆناخی هێرشە چڕەکانی بۆ سەر ئێران کرد، لە بەرامبەردا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند خاڵێک لە وڵاتانی دراوسێی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19-07-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هەشتەم گەڕی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران ''سەرکەوتووانە'' کۆتاییهاتووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر ئوردن کە لە ئەنجامدا دوو لە سەربازەکانیان کوژران.
نەخشەی بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە ئێران:
هێرشەکانی ئەمریکا چەندین ناوچەی ستراتیژیی ئێرانیان گرتووەتەوە، بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، چەندین جار لە دوورگەی قیشمی سەر بە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هاوکات محەممەد تازیانی، پارێزگاری هورمزگان رایگەیاند، کاژێر 03:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەکی قیشم.
محەممەد بازیانی بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە بریندار و کوژراوی سەربازی هەن یان نا گوتی: ''هیچ بریندارێکی سڤیل لە ئەنجامی هێرشەکەدا تۆمار نەکراوە و زیان بە ژێرخانەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی نەگەیشتووە.''
بەگوێرەی خەڵکی ناوچەکەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کاژێر 06:10 خولەکی بەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین ناوچەی دیکەیان لە قیشم کردووەتە ئامانج و دەنگی لانیکەم شەش تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هاوکات لە حاجیئاباد و سیریکی سەر بە پارێزگای هورمزگانیش دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراون. میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا بە مووشەک، درۆن و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردووەتەوە سەر ئەو دوو شارە.
میدیای ئێران باس لەوەش دەکات، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە بەندەرعەباسی ناوەندی پارێزگای هورمزگان، کەسێک بە ناوی شاهین لوتف ئازەر کوژراوە.
هەر لە 24 کاژێری رابردوودا، لە پارێزگای خوزستانیش دەنگی تەقینەوەی بەهێز و بۆردوومان بیستراوە. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوستان پشتڕاستی کردەوە، هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر خاڵێک لە شاری شادگانی پارێزگاکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
وەک میدیا خۆجێیەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام بەرپرسانی حکومی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە هێرشکرابێتە سەر ئەو شارە.
غوڵامڕەزا مەجیدی، قایمقامی چابەهار بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان تایبەت بوون بە لەنێوبردنی ''کۆنترۆڵکراو''ـی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی جەنگ.
دانیشتووانی بووشەهر، بەندەر لەنگە، کیش و ئەراک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە، بەڵام بەرپرسانی حکومی رەتی دەکەنەوە ئەمریکا هیچ هێرشێکی کردبێتە سەر ئەو ناوچانەش لە باشوور و نێوەڕاستی ئێران.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاندووە، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شاری ئەهواز، درۆنێکی MQ9ـی ئەمریکی ''سەرکەوتووانە'' تێکشکێنراوە و خراوەتە خوارەوە.
جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر کوێت و هەرێمی کوردستان
سوپای ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، دەستی بە قۆناخی 17ی ئۆپەراسیۆنی ''هەورە برووسکە'' کرد. بەپێی راگەیێندراوێک کە بڵاوی کردووەتەوە، سوپاکە بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کۆگەی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا و سیستمی راداریی پاتریۆت لە هەردوو بنکەی سەربازیی عودەیری و عەلی سالم لە کوێت.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای کوێت پشتڕاستی کردەوە کە سیستمی بەرگرییان لە ئامادەیی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ئاراستەیان دەکرێن.
لە نێوەندی ئاڵۆزییەکاندا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی درۆنیی کردە سەر یەکێک لە بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە ناوچەی چەمشاری نزیک دارەشەکران لە پارێزگای هەولێر. بەگوتەی ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ رووداو، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەشت پێشمەرگەیان بریندار بوون کە برینی چواریان قورسن.
28ـی شوباتی 2026، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد و بەر لەوەی ئاگربەست بکرێ، بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. ئێستاش سەرەڕای هەبوونی یاداشتی لێکتێگەیشتن و ئاگربەست، ئەمریکا هەشت رۆژە بە چڕی دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە هێرشکردنە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە.


