رووداو دیجیتاڵ
بۆ حەوتەمین شەو لەسەریەک، شەڕ و بۆردوومانی قورس لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بوو. ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا رانەوەستن، ئەوا دەست بە "هێرشێکی سەرتاسەری" دەکات. لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا دەڵێت ئامانجیان لەنێوبردنی توانای سەربازیی ئێرانە.
هەڕەشە نوێیەکانی ئێران
موحسین رەزایی، راوێژکاری باڵای سەربازیی رێبەری ئێران هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ دوو یان سێ رۆژی دیکە بەردەوام بن، ئێران دەست بە هێرشی سەرتاسەری دەکات.
رەزایی گوتی: "چیدیکە ئێران خۆی سنووردار ناکات بە وەڵامدانەوەی هاوشێوەی هێرشەکان... هیچ سنوورێکی سیاسی پارێزراو نابێت."
رۆژی شەممە سوپای پاسداران رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە لەلایەن "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە ئاراستە کرابوون"، لە تەنگەی هورمز بەر مین کەوتوون و تەقیونەتەوە، بەڵام سوپای ئەمریکا خێرا ئەمەی رەتکردەوە. پاسداران هەروەها رایانگەیاند، چوار کەشتییان راگرتووە کە دەیانویست بە تەنگەکەدا بڕۆن. بەپێی ئامارەکان، رۆژی پێنجشەممە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەکەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو.
کێ لە کوێی دا؟
شەڕەکە بەرفراوان بووە و ئامانجە سڤیل و سەربازییەکانی گرتووەتەوە.
ئێران، ئەمریکا تۆمەتبار دەکات کە فڕۆکەخانەیەک، وێستگەیەکی شەمەندەفەر و دوو پردی بۆردوومان کردووە. لە پارێزگای هورمزگان سێ کەس کوژراون و هەشت کەس بریندارن. هێرشەکانی ئەمریکا وێستگەیەکی کارەبا و سازگارکردنی ئاویی لە باشووری ئێران پێکاوە، کە بەهۆیەوە ئاوی چەندین گوند بڕاوە و حکومەتیش داوای لە خەڵک کردووە کارەبا کەمتر بەکاربهێنن.
لە وەڵامدا، ئێران هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی.
لە کوێت کۆگای چەک لە کەمپی عودەیری و بنکەی عەلی سالم، لەگەڵ چەندین پردی پەیوەندی کرانە ئامانج. وێستگەیەکی کارەبا و ئاویش زیانی پێگەیشت و چەند سەربازێکی کوێتیش بریندار بوون.
لە ئوردن تانکییەکانی سووتەمەنی لە بنکەی ئەزرەق کرانە ئامانج. سوپای ئوردن دەڵێت 10 مووشەکی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی هەبێت.
لە بەحرەین بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا، کە گەورەترین بنکەی لۆجستیی ئەمریکایە لە ناوچەکە، کرایە ئامانج و زەنگی مەترسی لێدرا.
لە قەتەر سیستەمی رادار و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج قەتەر دەڵێت مووشەکێکیان تێکشکاندووە.
هەروەها ئێران دەڵێت دوو راداری لە عومان و بنکەی تەنەف لە سووریا کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمریکا دەڵێت بنکەی تەنەفیان ئەمساڵ چۆڵکردووە.
هێرش بۆ سەر کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان
لە پێشهاتێکی دیکەدا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستانە، رایگەیاند، رۆژی هەینی بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستان، 9 پێشمەرگەیان شەهید بوون و ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووەتەوە، 38 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەس بریندارن.
داڤید خەلفا، شارەزای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پاریس دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە کە هیچ لایەکیان بەرژەوەندییان لە بەردەوامبوونی ئەم شەڕەدا نییە، بەڵام هەردووکیشیان پێیانوایە هەر رێککەوتنێک مانای خۆبەدەستەوەدان و دۆڕانە."
لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەست پێکردووەتەوە، وڵاتانی وەک چین و پاکستان هەوڵدەدەن هەردوولا بگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستاندن.



