رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان بۆ سەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و شا خالید لە ریاز، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی دەستەکە کە رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دوو ژنی مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەست داوە، هاوکات 28 کەسی دیکەش بریندار بوون کە پێکدێن لە هاووڵاتییانی سعودی و دوو کەسی بەنگلادیشی و فیلیپینی.
هەروەها لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، هاووڵاتییەکی سوودانی گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش (پێنج سعودی، دوو میسری و هاووڵاتییەکی پاکستانی) بریندار بوون.
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە کە بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و جگە لە زیانە گیانییەکان، بەشێک لە بینا و دامەزراوەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکەش زیانی مادییان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی و درۆن فڕۆکەخانەکانی شا خالید لە ریاز، ئەبها و بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیتیان کردووەتە ئامانج؛ ئەوەش دووەم هێرشی هاوشێوەیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا.
ماڵپەڕی جیهانیی چاودێریی فڕین (Flightradar24) راگرتنی کاتیی گەشتەکانی لە ئاسمانی ریاز پشتڕاست کردەوە، بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، مووشەکەکانیان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکشکاندووە و بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
ئەم هێرشانەی حووسییەکان هاوکاتن لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی تووندی شەڕی نێوخۆی یەمەن لە تەممووزی ئەم ساڵەوە، کاتێک ئاگربەستی چوار ساڵەی نێوان هەردوولا شکا. بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، تەنیا لە پێکدادانەکانی رۆژی چوارشەممەدا لە رۆژئاوای یەمەن، لانیکەم 62 چەکدار لە هەردوولا کوژراون (کە 37ـیان حووسین)، لە شاری تەعزیش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە شەقامێکی قەرەباڵخدا، پێنج کەسی سڤیل بریندار بوون.



.jpg&w=3840&q=75)