رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە "شەرمەزاریی پڕ لە ئابڕووچوون" وەسف دەکات و دەڵێت، ئەم گەشتە "سوکایەتییە بە کەرامەتی گەلی عێراق."
ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026 عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "گەشتی سەرۆکوەزیرانی گەنج و کەم ئەزموونی عێراق بۆ ئەمریکا جێی داخە، بێوەخت بوو و بووە هۆی تێکدانی تێکۆشانەکانی گەلی ئازا و موجاهیدی عێراق لە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەم وڵاتە گەورەیەدا."
ویلایەتی ئەو ئایەتەی قورئانی هێناوەتەوە (الذین اذا اصابتهم مصیبه قالو انا لله و انا الیه راجعون) و دەڵێت، "بەڕاستی دەستەواژەی (گەڕانەوە بۆ لای خوا) بە پشت بەستن بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز بۆ ئەم گەشتە تەواو گونجاوە." دەشڵێت، "ئەو کارەی لەم سەفەرەدا کرا، لە مێژووی دوورودرێژ و پڕ هەوراز و نشێوی ئەم وڵاتە پڕ شانازییەدا، کەموێنەیە. ئەم گورزەی لە کەرامەتی گەلی ئیماندار و بەغەیرەتی عێراق دراوە، وەسف ناکرێت."
راوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی، گەشتەکەت عەلی زەیدی بە "شەرمەزارییەکی گەورە" ناوبردووە، چونکە بە گوتەی ئەو، "دوای شەهیدبوونی یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین زانایانی ئایینی، (مەبەستی عەلی خامنەیی)یە، کە هەموو موسڵمانانی شیعە و سوننە و ئازادیخوازانی ناموسڵمان لەم ماتەمە گەورەیەدا بۆی گریان."
راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی دەشڵێت، "بەڕاستی نازانم پێشبینی و ئامانجی بەڕێز زەیدی لەم سەردانە چی بووە؛ واتە ئەگەر لەم بارەیەوە راوێژی بە کەس نەکردبێت، ئەو هەزار مەخابن. ئەگەر لە عێراق لەگەڵ کەسانی دیندار و خاوەن ئەزموون راوێژی کردبا، دەبووایە بیزانیبایە پێگەی عێراق لە مێژووی ئیسلامدا چۆن بووە."
بەر لە زەیدی، نوری مالیکی بەهێزترین بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام ترەمپ هەڕەشەی کردبوو، ئەگەر مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، یارمەتی حکومەتی عێراق نادات.
ویلایەتی رەخنە لە دانانی عەلی زەیدی دەگرێت و دەڵێت: "خاڵی سەیر ئەوەیە کە کەسێک لە شوێنی بەڕێز مالیکی دانیشتووە، لە کاتێکدا هێشتا رێوڕەسمی سەرەخۆشی ئەو رێبەرە شەهیدە کۆتایی نەهاتووە، گەشتی کۆشکی سپی کردووە و هیچ نیشانەیەکی خەم و پەژارەی لەو دیدارەدا پێوە دیار نییە. ئەم کەسە نازانێت سیاسەت واتە بەڕێوەبردن؛ بەپێی وتەی ئەرەستۆ، مامۆستای مەنتیق و دامەزرێنەری مەنتیق، سیاسەت هەر هەمان بەڕێوەبردنە."
رۆژی 13ی تەممووز عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەمریکا و 14ی تەممووز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبوو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی دەستەی حەشدی شەعبی کرد. راوێژکاری خامنەیی، هێرشی کردە سەر زەیدی و گوتی، "لەبری وەڵامێکی ددانشکێن بۆ ئەم قسانە، لە بەرامبەر ئەم کەسەدا، دەڵێت: من ئەو کاتە لە سیاسەتدا نەبووم."
ویلایەتی دەڵێت، "ئەم سەردانە و ئەم سوکایەتییە، بووەتە هۆی داخ و پەژارە بۆ خەڵکی ئێمە و گەلی دیندار و موجاهیدی عێراق."



.jpg&w=3840&q=75)
