رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، ئێستا بارودۆخەکە ئاڵۆزە، بەڵام "ئێران بە سەربەرزی و بەهێزییەوە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێنێت."
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، شەوی دووشەممە پەیامێکی لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەر لێکدانەوەیەکی هەڵەی دووژمن لە بەرامبەر ئێران دا، شکستی قورسی بۆ تۆمار کردووە؛ هەڵەی داهاتوو، بەرەی نوێ و سەرسوڕمانی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە."
موحسین رەزایی نووسیویەتی: "ئێران بە سەربەرزی و بەهێزییەوە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێنێت."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رۆژی شەممەش لە کۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی ئابووریی حکومەت دا رایگەیاندبوو، "ئێران ئێستا لە خراپترین و دژوارترین قۆناخەکانی دایە."
موحسین رەزایی گوتبووی، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و بەڕێوەبردنی بارودۆخی ئابووری ئامادەیە.
رەزایی ئاماژەی بە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە هەوڵی نێوەندگیرەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران لە دانوستاندنەکان دا جیدییە.
رەزایی گوتی: "لە دانوستاندنەکان دا جیدین؛ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەم پڕۆسەیەدا پشتگیری لە حکومەت دەکات."
ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی و ئاسمانی بەسەر ئێران دا سەپاندووە، هەروەها لە سەپاندنی سزا ئابوورییەکانیش بەردەوامە.
لەگەڵ تووندبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا، ئابووریی ئێران کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان.
رۆژی یەکشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ئەمیر حاتمی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئەو وڵاتە، لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران هۆشدارییان دابوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، جەنگ لەگەڵ ئێران "بەم زووانە" کۆتایی دێت. ترەمپ هاوکات لەگەڵ بەڵێنی کۆتاییهاتنی جەنگ، باسی لە ئەگەری هێرشی سەربازیی دووبارە بۆ سەر ئێران کردووە.


