رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا "بێواتایە" و تەنیا دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان. ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندین مانگە چەقیون.
رۆژی دووشەممە 05-10-2026 پزیشکیان گوتی: "تاوەکو ئێستا دوای دانوستاندنەکان سێ جار هێرشیان کردووەتە سەرمان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان بەدوای گفتوگۆوە نین؛ بەڵکو ئامانجیان رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە." هەروەها گوتوویەتی: "لەگەڵ دووژمنێکدا کە هەموو رۆژێک پەنا بۆ تیرۆرکردن، سزاسەپاندن، گوشار و هەڕەشە دەبات و بەڵێنەکانی دەشکێنێت، دانوستاندن بێواتایە."
لە دوایین هەوڵیشدا، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پێشکەوتنێکی لێنەکەوتەوە. واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەمکردووەتەوە و لەبری ئەوە گوشارە ئابوورییەکانی تووندتر کردووە، بە جۆرێک لە 1ـی ئەیلوولەوە هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئێران.
رۆژی یەکشەممەش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، جەنگی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. عێراقچی کە بەڵێنی دا ئەگەر هێرشەکان دەستپێبکەنەوە بەرگرییەکی بەهێزتر دەکەن، گوتی: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە، هیچ چارەسەرێکیش لەسەر بنەمای سزای نوێ سەرناگرێت. تەنیا دانوستاندن لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت."
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی لەناکاویان کردە سەر ئێران، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە واشنتن و تاران لە نێوەڕاستی دانوستاندندا بوون لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. هەرچەندە لە مانگی حوزەیراندا لایەنەکان لەسەر لێکتێگەیشتنێک رێککەوتن بۆ چارەسەری هەمیشەیی، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، وایکرد ئەمریکا دەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بکاتەوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن جەنگەکە پێویستە بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی (کە تاران بەردەوام رەتیدەکاتەوە)، بەڵام دواتر سەرنجی جەنگەکە گۆڕا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، دوای ئەوەی داخرانی تەنگەکە لەلایەن ئێرانەوە گورزێکی گەورەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهان دا.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، ئێران هەوڵیداوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا بسەپێنێت و هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەک کە بەبێ مۆڵەتی ئەو بیەوێت تێپەڕێت. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی پێچەوانەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی گەمارۆکە دەشکێنن.
بەگوێرەی ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO)، رۆژی یەکشەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیدا لەو رێڕۆ ئاوییە کراوەتە ئامانج، رۆژی دووشەممەش کەشتییەکی دیکە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هەڕەشەی هێرشکردنی لێکراوە، ناچار بووە پاشەکشە بکات و رێڕۆکەی بگۆڕێت.


