رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران رایگەیاند، ئێران یەکەمین وڵاتە لە جیهاندا کە تەکنەلۆژیای لەکارخستنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ی بەکارهێناوە و دەشڵێت، "لەکاتی جەنگدا، ستارلینک دەبێتە ئامانجێکی سەربازیی رەوا."
محەممەدئەمین ئاغامیری، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێت و سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئینتەرنێتی ئێران، رۆژی دووشەممە لە سێیەمین کۆنفرانسی گەشەپێدانی کارسازییە ئینتەرنێتییەکانی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی (سایبەر) سەر دامەزراوەکانی ئێران، بەتایبەت لە کاتی جەنگی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی دووژمنەوە، هێرشە سایبەرییەکانیش بۆ سەر وڵاتەکەمان دەستیانپێکرد، بەڵام بەشێکی زۆریان بە هاوکاریی پسپۆڕان، دەزگا هاوئاهەنگیکارەکان، دامەزراوە جێبەجێکارەکان و خاوەنکارەکان پووچەڵکرانەوە."
ئاغامیری ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند حاڵەتێکدا هێرشبەرەکان توانیویانە کێشە بۆ تۆڕەکان دروستبکەن، بەڵام هەوڵی سەرەکیی ئەوان ئەوە بووە کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە هاووڵاتییان نەوەستێت و کەمترین زیان و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروستببێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران ئاشکرای کرد، "ئێران بۆ یەکەمین جار توانی بە سەرکەوتوویی لە کاتی رووداوەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ئامێرەکانی وەرگرتنی ستارلینک لەکاربخات."
محەممەدئەمین ئاغامیری گوتیشی، "میدیا رۆژئاواییەکان لە هەمان ماوەی رووداوەکانی مانگی کانوونی یەکەمدا، هەواڵی سەرکەوتنی ئێران و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی لەکارخستنی ئامێرەکانی ستارلینکیان پشتڕاستکردەوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە تەکنیکی و گرنگە کە بە تەواوی سەرکەوتوو بوو، تەنیا یەکێکە لە ئامرازەکانی ئێمە، چونکە ئامرازی دیکەشمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستارلینک لەبەردەستدایە."
ئاغامیری لەبارەی پرسی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و ستارلینک جەختی لەوە کردەوە، "ئێران لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەکاری تەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی پێشبینیکراو کردووە و تەکنەلۆژیای پێویست لەم بوارەدا پەرەی پێدراوە."
بە گوتەی ئاغامیری، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناخێکدا توانیویەتی بە شێوازێکی کۆنترۆڵکراو ئامێرەکانی ستارلینک لەکاربخات و ئێستاش تەکنەلۆژیای دیکەی لەبەردەستدایە بۆ ناسینەوە و رێگریکردن لە چالاکییەکانی ئەو ئامێرانە لە ناوخۆی وڵاتدا.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران لە کۆتاییدا هۆشداریدا و رایگەیاند، "ئەگەر ژێرخانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد وەک ئامرازێکی جەنگ بەکاربهێنرێت، سروشتییە کە ئەو ژێرخانە دەبێتە ئامانجێکی سەربازیی رەوا، وڵاتەکەشمان لە هەموو ئاستەکاندا ئامادەکاری پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخێکی لەو شێوەیە هەیە."
ئێران لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی زستانی پار و هەروەها لە ماوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئینتەرنێتی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بڕی، بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە نێوخۆی ئەو وڵاتەوە نەڕواتە دەرەوە. تاران دواتر ئینتەرنێتی ستارلینکیشی قەدەخە کردەوە و سزای قورسی بۆ ئەو کەسانە دانا، کە دەیانەوێ بەکاریبهێنن.



