رووداو دیجیتاڵ پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە، چەند پێگەیەکی سەربازی، هەواڵگری و لۆجستیی سوپای ئەمریکایان لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران لە راگەیێندراوی ژمارە 28 کە ئەمڕۆ 18ی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "شەپۆلی 19ی ئۆپەراسیۆنی نەسر-2" و وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای ئەمریکا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن، لەنگەرگەی لۆجستیی سووتەمەنیی کەشتییەکانی ئەمریکا لە بەندەری ئەلئەحمەدی لە کوێت و، شوێنی کۆبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایان لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن پێکاوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەو شوێنانە، ناوەندی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە بەحرێن کە بە "باتلکۆ" ناسراوە، لەگەڵ ناوەندێکی سیگناڵ و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێندراون. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هێزەکانیان هاوتەریب لەگەڵ ئەم هێرشانە، کۆنترۆڵێکی بەهێزیان بەسەر تەنگەی هورموزدا هەیە و رێگە نادەن بەبێ چاودێری هیچ جموجۆڵێک لە ناوچەکەدا بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و هاوکات شەوی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی هێرشەکانی لە حەوتەمین شەوی لەسەریەک بۆ سەر ئێران راگەیاند و شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەندین ناوچەی لە باشووری ئێران بۆردوومانکرد.