رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، تەواوی جووڵە و کەرەستە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەژێر چاودێریی چڕی یەکە دەریاییەکانی ئێراندان. هەروەها هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات.
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "جووڵە و کەرەستە سەربازییەکانی سوپای تیرۆریستیی ئەمریکا، لەژێر چاودێریی تەواوی یەکە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا راستەوخۆ هەڕەشە لە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەکات و دەڵێت: "ئەمریکییەکان چرکە بە چرکە خۆیان لە کاژێری سفری ئۆپەراسیۆنی دژی یەکە دەریاییەکانی سێنتکۆم لە ئاوی ناوچەکەدا نزیک دەکەنەوە."
راگەیێندراوەکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە دەستەواژەیەکی کورت و هەڕەشەئامێز کۆتایی پێهێندراوە و تێیدا نووسراوە: "چاوەڕوان بن..."
ئەم راگەیێندراوەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای هورمزگان، پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە لووتکە و شەوی رابردووش تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەتایبەت پارێزگا کەناراوییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوون کە بەهۆیەوە چەندین پرد و ژێرخانی گرنگی گواستنەوە لەو ناوچەیە تێکدراون.



